بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە وتووێژی لە گەڵ چوار میدیای سربیا بە تایبەت ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتە وتی کە مۆسکۆ هاوبەشێکی زۆری لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین هەیە و بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە پەراوێز نەخراوە.
ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی ڕووسیا و ئۆکرانیاش وتی کە ئەو کۆبوونەوە دەبێت کاتێک بێت کە هەر دوو لا لە سەر بابەتە سەرەکییەکان بگەنە ڕێکەوتن.
لاوڕۆڤ بە توندی ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت و وتی کە دیمۆکراسییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ڕاستیدا بە شێوازی دیکتاتۆرییە.
ناوبراو وتی: ئێمە نابێت پیرۆزییەکانی خۆمان بە سەر وڵاتانی دیکەدا بسەپێنین و دەبێت ڕێز لە یەکتر بگرین، ئەمریکا و ئەورووپا ئێستا هەوڵی سەرکوتکردنی ئەو شارستانیەتانە دەدەن کە هەزاران ساڵە گەشەیان کردووە./.