بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلیڕەزا موقەدەسی جێگری وەزیری ئابوری و سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران سەبارەت بە هەناردەی ئەم وڵاتە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی وتی: 122 ملیۆن تەن کاڵای ئێرانی بە بەهای 48 ملیار دۆلار لە ساڵی ڕابردوو بۆ وڵاتانی جیهان هەناردە کراوە کە ئەم ڕێژەیە 14 ملیار دۆلار زیاتر لە ساڵی پێشووی بووە و لە سەدا 41 گەشەی هەبووە.
ناوبراو وتی: لە ساڵی ڕابردووی کۆچی هەتاوی زیاتر لە 40 ملیۆن تەن کاڵا بە بڕی 52 ملیار دۆلار هاوردە کراوە کە بە گشتی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان، مادەی خاو و کەرەستەی پێویست بۆ پیشەسازییەکان بووە، ڕێژەی کاڵای هەناردەکراویش لە ساڵی 1400 بەراورد بە ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی لە سەدا 21 لە ڕووی کێش و لە سەدا 36 لە ڕووی بەهاوە گەشەی هەبووە کە پیشاندەری گرنگیدانی کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دابینکردنی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکە.
جێگری وەزیری ئابوری ئێران وتی: گەیشتن بەم ئاستە لە هەناردە لە کاتێکدا بووە کە وڵات ڕوبەڕوی دژوارترین دۆخی گەمارۆ زاڵمانەکانی دوژمان بە تایبەت ئەمریکا بووەتەوە بەڵام بە یارمەتی خودای گەورە و تێکۆشانی چالاکوانانی ئابوری، وەبەرهێنەران و دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەو دەسکەوتە گەورەیە مسۆگەر کرا.
موقەدەسی سەبارەت بە پێنج هاوبەشی یەکەمی فرۆشتنی کاڵا بە ئێران لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی، وتی: وڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، چین، تورکیا، ئەڵمانیا و ڕووسیا 5 وڵاتی هەناردەکاری سەرەکی بۆ ئێران بوون.
ڕاشیگەیاند کە لە ساڵی ڕابردووی کۆچی هەتاوی زۆرترین کاڵای ئێرانی ڕەوانەی وڵاتانی چین، عێراق، تورکیا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئەفغانستان کراوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی گومرکی ئێران هەروەها وتی: کاڵای ترانزێتکراو لە خاکی ئێرانەوە لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی بە لە سەدا 68 گەشەکردن، گەیشتە 12 ملیۆن و 500 هەزار تەن کە لە پاش 7 ساڵ دیسانەوە وڵات بۆ ئەم ڕێژەیە لە ترانزێتی کاڵا گەڕایەوە./.