بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مردنی مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا شەوی چوارشەممە 23 ی ئادار بە هۆی توشبوونی بە شێرپەنجە پشتڕاست کرایەوە.
کەناڵی سی ئێن ئێن مردنی مادلین ئۆڵبرایتی لە تەمەنی 84 ساڵیدا ڕاگەیاند و وەک یەکەم ژنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوی بردووە کە یارمەتیدەری سیاسەتی دەرەوەی ڕۆژئاوا لە پاش شەڕی سارد بووە.
ئۆڵبرایت یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی کابینەکەی بیڵ کڵینتن سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمریکا بوو کە سەرەتا نوێنەری وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاشان لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی ناوبراودا بووە وەزیری دەرەوە و سیاسەتی پەرەپێدانی ناتۆی پەیرەو دەکرد.
ئۆڵبرایت لە مانگی ئایاری 1996 و کاتێک نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، لە چاوپێکەوتنی بەرنامەی 60 خولەکی کەناڵی سی بی ئێس، پاڵپشتی خۆیی بۆ مردنی منداڵانی عێراقی بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ڕاگەیاند.
ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بە ئاشتکەرەوەی پارتی و یەکێتی ناسراوە./.