بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ دیمەشق لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووە.
ئاژانسی فەرمی سوریا (سانا) ڕایگەیاند کە لەو کۆبوونەوەدا، هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی تاوتوێ کرا.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا، تاوتوێی چۆنیەتی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و حکومەتەکانی ئێران و سوریایان کرد. پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوە بووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە جەختی لە سەر پاڵپشتی تاران لە گەل و حکومەتی سوریا بە تایبەت لە بواری ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە کردەوە و وتی کە ڕۆڵی سوریا بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە.
بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاش ڕایگەیاند کە ئێران وێڕای پابەندبوون بە بنەما و مافەکانی خۆی و پێنەدانی ئیمتیاز لە بەرامبەر گوشارەکان، بە ڕێگایەکی درووستدا دەڕوات.
ناوبراو وتی کە گەیشتن بە ڕێکەوتن لە دانوستانەکانی ڤیەننا، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران و ناوچەکە و هاوسەنگی هێزی جیهان گرنگە./.