بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی ڕیابکۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ سێ شەممە وتی کە ئەمریکا بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا دەبێت واز لە هەڕەشەکانی لە دژی مۆسکۆ بێنێت و هەروەها پێدانی چەک و کەرەستەی سەربازیش بە حکومەتی ئۆکرانیا ڕابگرێت.
ناوبراو وتی: ئەمریکا دەبێت ڕێگری لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان بکات، چ بە لێدوانی بەرپرسەکانی یان بە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، واشنتن دەبێت لەم دوو ئاستەدا نیگەرانییەکانی مۆسکۆ لە بەرچاو بگرێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: ئەگەر ئەوان بتوانن کاریگەری نەرێنی لە سەر کیێف دابنێن کە من لەمەدا گومانم هەیە، بەڵکوو دڵنیام ئەمە ڕوو نادات، ئەو کات ئاسۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشنتن بەدی دەکرێت.
ڕیابکۆف وتی: بە هۆی هەڵە بەردەوامەکانی ئەمریکاوە لە ئێستادا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بەردەوام بەرەو دابەزین دەڕوات.
جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا 24 ی شوبات سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تەواوی پچڕاوە./.