بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسروڵڵا ڕەشنودی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند: تاوانەکەی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس لە 16 ی 3 ی 1988 تاوانێکە کە لە مێژوو و لە بیرەوەری خەڵکدا ماوەتەوە.
ناوبراو وتی کە ئەو تاوانە دڕندانەی ڕژێمی سەدام بە پاڵپشتی و دابینکردنی چەکی کۆمەڵکوژ لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە کرا و شەهیدبوونی هەزاران کەس لە خەڵکی بێ تاوانی هەڵەبجە هیچ کات لە یاد و بیرەوەرییەکانی خەڵکی عێراق و ئێران ناسڕێتەوە.
سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کاتەدا وەک ئەرکێکی مرۆیی هاوکاری خەڵکی زوڵملێکراوی هەڵەبجەی کرد و دەرگای بۆ ئاوارەکان کردەوە و بریندارانی ئەو کارەساتەی چارەسەر کرد تا پەیوەندییە مێژووییەکانی گەلی ئێرانی ئیسلامی لە گەڵ خەڵکی کوردستانی عێراق بەهێزتر ببێت.
ڕەشنودی وتی: گەلی گەورەی ئێرانی ئیسلامی وەک دراوسێی هەمیشەیی خەڵکی کوردستانی عێراق بە هەبوونی خاڵە هاوبەشەکانی مێژوویی، کەلتوری، ئابوری و سیاسی جەخت لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و خۆڕاگری لە بەرامبەر پیلانگێڕی دوژمنان دەکاتەوە و هیوادارین کە ئەم پەیوەندییانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر و پتەوتر ببێت./.