محەممەد حاجی مەحمود لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند کە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی تاوانباری بەعسەوە قەد لە بیر ناکرێت و تا ئەمڕۆش حکومەتی عێراق داوای لێبوردنی لە هەڵەبجە نەکردووە و قەرەبووی هیچ زیانێکی بۆ نەکراوەتەوە بەڵام بە ملیارەها دۆلاری ئەم خەڵکەیان وەک قەرەبوو بە وڵاتی کوێت داوە.
ناوبراو وتی: هیوادارم بەرپرسانی کورد لە بەغدا و هەروەها حکومەتی عێراق بیر لەوە بکەنەوە کە تا ئێستاش بریندارەکانی ئەو کارەساتە بە ئازارەوە دەناڵێنن، ئێمە ناڵێین ئەم حکومەتەی عێراق تاوانەکەی کردووە بەڵام ئێستا واریسی ئەو حکومەت و حکومەتەکانی دیکەیە، هیوادارین خزمەتی خەڵکی هەڵەبجە بکرێت بە تایبەت بۆ بە پارێزگابوونی لە عێراق کە تا ئێستا نەخراوەتە ئەو ژمارەیە کە نۆزەدەیەمین پارێزگای ئەم وڵاتە بێت.
سەرۆکی پارتی سۆسیاڵ دیمۆکراتی کوردستان وتی: هیوادارم زیاتر ئاوڕ لە هەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری بدرێتەوە و تەنیا ناوەکەی لە سەر کاخەز نەبێت و لە ڕووی جوگرافییەوە وەک پێشووی لێبکەنەوە، واتە هەڵەبجە لە پێشوودا تا کوێ بووە سنورەکەی وەک خۆی لێبکرێتەوە و ئەم بۆنەیەش ببێتە هاندەرێک بۆ هەموو لایەک کە کەمێک لە زامەکانی ئەم خەڵکە ساڕێژ بکەن.
لەو وتووێژەدا کە لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لە دوو کتێبی ” پەیوەندییەکی ژەهراوی، ئەمریکا، عێراق و بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە ” و ” بیرەوەرییەکانی خەڵکی هەڵەبجە لە ئێران، ئەو کاتەی کە ئێران تەنیا پەنا و پشتیوان بوو ” وەک بەرهەمی دەزگای میدیایی جام کوردی بەڕێوەچوو، محەممەد حاجی مەحمود سوپاسی ستافی ئەم دەزگایەی کرد و وتی: هیوادارم کە تەنیا لە بۆنەکانی تایبەت بە 16 ی 3 نەبێت کە پزیشکانی چارەسەری بەرکەوتووانی کیمیایی بێنە هەڵەبجە یان باسی ئەم شارە و کارەساتەکە بکرێت بەڵکوو پزیشکە ئێرانییەکان هەمیشە لێرە بن لە بەر ئەوەی کە بریندارەکان زۆرن و پێویستیان بە هاوکاری هەیە و ئەو زوڵمەی لێرە کراوە هاوشێوەی نییە.
وتووێژ: کامەران کەریم