بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ ئەرێنی بووە و هیچ پەیوەندییەک لە نێوان قەیرانی ئۆکرانیا و دانوستانەکانی ڤیەننای تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە ڕووسیا ڕۆڵی گرنگی لە دانوستانەکانی ڤیەننا هەبووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: قەیرانی ئۆکرانیا یەکێک لە تەوەرەکانی دانوستانی ئێمە بووە و وەک چۆن کە دژی شەڕی ئەفغانستان و یەمەن بووین، لە ئۆکرانیاش شەڕ بە چارەسەر نازانین و پاڵپشتی لە دانوستانەکانی نێوان هەر دوو وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیاش دەکەین.
ناوبراو وتی کە لە نیگەرانییەکانی ڕووسیا و سەرچاوەکانی ئەم ئاڵۆزییەی ئێستای ئۆکرانیا تێدەگەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە هەڵگری پەیامێکی وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا بۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بووە کە ئەو وڵاتە داوای ڕاگرتنی شەڕ و گرنگیدان بە دانوستان و ڕێگاچارەی دیپلۆماسی دەکات./.