بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد ناتقی بە میوانداری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دەزگای میدیایی جام کوردی، بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە گەیشتە سلێمانی و دواتر سەردانی هەڵەبجەش دەکات.
ڕۆژی شەممە 12 ی ئاداری 2022، لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکانیدا سەردانی ڕێکخراوی دیالۆگ و کەلتوری کرد و لە وتووێژێکی کراوەدا ئەحمەد ناتقی ڕایگەیاند کە دەتوانن لەمڕۆدا لە ڕێگای وێنەوە لە زووترین کاتدا پەیامەکەیان بگەێننە جیهان.
ئەحمەد ناتقی: وێنەی عومەری خاوەر یەكێكە لەو گرتە خەمناكانەی لە كاری میدیاییدا تۆمارم كردووە
دواتر و لە كۆڕێكدا ساڵۆنی كوردستانی نوێ میوانداریی د.ئەحمەد ناتقیی كرد .
لە سەرەتای كۆڕەكەدا دیكۆمێنتارییەك لە سەر ژیان و بەرهەمەكانی د.ناتقی پێشكەشكرا كە لە لایەن سایتی PUKmedia ەوە ئامادەكرابوو.
هەروەها لە وتەیەكدا د.ناتقی باسی لە یەكەم ساتەكانی ڕۆژی 1988/3/16 كرد ، كە دوای نزیكەی نیو کاتژمێر لە كیمیابارانەكە چووەتە سەر تەرمی عومەری خاوەر و كۆرپەكەی و یەكەم گرتەی ئەو كارەساتەی لە ڕێی كامێرای فیلمەوە تۆماركردووە و وتی : وێنەی عومەری خاوەر یەكێكە لەو گرتە خەمناكانەی لە كاری میدیایدا تۆمارم كردووە.
لە بەشێكی تری كۆڕەكەدا د.ناتقی چەندین وێنەی پیشانی ئامادەبووان دا كە بۆ یەكەم جار و لە یەكەم ڕۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تۆماری كردوون و وتی وەك یەكەم فۆتۆگرافەری ئێرانی نزیكەی 300 وێنەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەم گرتووە.
لە چالاكییەكانی هەمان ڕۆژدا د.ئەحمەد ناتقی سەردانی بنكەی ژینی كرد كە بنكەیەكی تایبەتی ئەرشیڤكردن و دیكۆمێنتكردنی ڕۆژنامە و چاپەمەنی و كەلوپەلی چاپخانەیە .
لە سەردانێكی كورتدا د.ئەحمەد ناتقی بە یاوەری مامۆستا ڕەفیق ساڵح سەرۆكی بنكەی ژین بەشە جیاجیاكانی بنكەكەی بەسەركردەوە و بە تێڕامانەوە ڕۆژنامە و دەستنووسە ئەرشیڤییە كوردی و عەرەبی و ئێرانییەكانی بینی.
لە كۆتایی چالاكییەكانیدا د.ئەحمەد ناتقی، سەردانی ناوەندی رۆشنبیریی دكتۆرعێزەدین مستەفا ڕەسوڵی كرد.
لەم سەردانەشیدا مامۆستا جەزا ئەحمەد شارەزای بواری كتێبخانە و ئەرشیڤ، بە وردی باسی پرۆژەی بە دیجیتاڵكردنی كتێبخانەی تایبەتی د.عێزەدین مستەفا ڕەسوڵی كرد و دەستنوس و كتێبە ئەرشیڤییەكانی د.عزەدینیشی پێشكەش بە د.ناتقی كرد.
ئەم هەواڵە لە ڕۆژنامەنووس ڤینۆس تۆفیق وەرگیراوە.