بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی سابر وتی: هەبوونی سنوری هاوبەش لە گەڵ هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبیی عێراق و پێویستی نەخۆشەکانی ئەو وڵاتە بە خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندرووستییەکان، دەرفەتێکی خستووەتە بەردەم پارێزگای کرماشان تا لە بواری گەشتیاری تەندرووستیدا کاریگەریی هەبێت.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی چالاک لە بواری گەشتیاری، موڵەتی گەشتیاری تەندرووستیشیان هەیە و چالاکییان لەم بوارەدا هەبووە.
سابر وتی: هەوڵ دەدەین کێشە و گرفتەکانی نێوان ئەو کۆمپانیانە و نەخۆشخانەکانی تایبەت لە کرماشان چارەسەر بکەین.
جێگری بەڕێوەبەرایەتی گشتی میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستیی پارێزگای کرماشان بۆ کاروباری گەشتیاری، وتی کە گەشتیاری تەندرووستی یەک لەو بوارانەیە کە داهاتێکی زۆری هەیە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووش کار و چالاکیی زۆر باش لە بواری درووستکردنی هوتێل و نەخۆشخانەکان لە کرماشان کراوە و دەتوانین مزگێنی ئەوە بدەین کە کرماشان دەتوانێت ببێتە جەمسەری گەشتیاریی تەندرووستی ئێران./.