بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید محەممەد بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ناوچەکانی ئازادی بازرگانی، پیشەسازی و تایبەتی ئابوریی ئێران ڕۆژی یەک شەممە بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای کوردستان و سەردانی شاری بانەی کرد.
نووسینگەی ئیداریی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازیی بانە ڕۆژی ڕابردوو بە ئامادەبوونی ئەم بەرپرسە باڵایەی ئێران و بەرپرسانی پارێزگای کوردستان کرایەوە و پاشان ناوچەی تایبەتی ئابوری و خاڵی سنوری سەیرانبەندی بە سەرکردەوە.
سەعید محەممەد ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە مەریوان و هەمان نووسینگەشی لەم شارە کردەوە.
بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای ناوچەکانی ئازادی بازرگانی، پیشەسازی و تایبەتی ئابوریی ئێران ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان دەستنیشان کراوە و لە ساڵی داهاتووی کۆچی هەتاوییەوە قۆناغەکانی دیکەی ئەم پرۆژەیە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بێگومان بەمەش ناوچەکە لە بواری وەبەرهێنان و داهێنانی هەلی کار و ئابوری، گۆڕانکارییەکی گەورە بە خۆوە دەبینێت./.