بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز ئەمڕۆ دووشەممە لە پایتەختی ئۆکرانیا بیستراوە و خارکێف وەک دووەم شاری گەورەی ئەم وڵاتەش ڕوبەڕوی هێرشەکانی ڕووسیا بووەتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا داوایکردووە کە وڵاتەکەی ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا و جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپاش ڕایگەیاندووە کە وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لەم یەکێتییە، داواکەی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆببنەوە. ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئێمە لە دانوستان، ئاگربەستی بەپەلە و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیایە.
ڤلادیمیر مدینسکی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی دەیەوێت لە زووترین کاتدا لە گەڵ ئۆکرانیا بگاتە ڕێکەوتن.
بن ڤاڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە پێی وا نییە پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا کەڵک لە چەکی ناوەکی وەربگرێت./.