بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە و لە پاش وتارەکەی سەرۆک کۆماری ڕووسیا، سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە هێرشەکانی ئەم وڵاتە لە دژی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە.
ڕووسیا دەڵێت کە ژێرخانە سەربازییەکانی ئۆکرانیا کراوەتە ئامانج.
ئۆکرانیا هەواڵی کوژرانی 7 کەس و برینداربوونی 9 کەسی دیکەی ڕاگەیاندووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز هەواڵی تێکشکانی فڕۆکە و کۆپتەرێکی سەربازیی ڕووسیای لە ناوچەی لوهانسک ڕاگەیاندووە بەڵام وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هەواڵەکەی بە درۆ خستووەتەوە.
ئاژانسی تاس ڕایگەیاندووە کە ژێرخانەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بە تایبەت سیستەمی بەرگریی ئەم وڵاتە کراوەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە سوپای ئۆکرانیا هیچ خۆڕاگرییەکی لە بەرامبەر یەکە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە نییە.
ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاندووە کە ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا کێشەیەک لە ئۆکرانیا بخوڵقێنن ڕوبەڕوی کاردانەوەیەکی توند دەبنەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە هێرش ناکرێتە سەر شارەکانی ئۆکرانیا و تەنیا ناوەندە سەربازییەکان دەکرێنە ئامانج.
فۆکس نیوز لە سەر زاری فەرماندەیەکی سەربازیی ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانێت هەنگاوێکی ئەوتۆ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕووسیا هەڵبگرێت./.