بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موجتەبا ئەحمەدی بە ئاماژە بە کاریگەرییەکانی قەیرانی کۆرۆنا لە سەر کەرتی گەشتیاری، وتی: دەتوانین پیشەسازی گەشتیاری بە ترسنۆکترین پیشەسازیی جیهان ناو ببەین، بەو پێیەی کە کاروباری پاراستنی گیانی گەشتیاران بە گرنگترین بابەت لەم پیشەسازییەدا دادەنرێت و بەم هۆیەوە لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەشتوگوزار بە تەواوی ڕاگیرا و گەشتیاران سەردانی هیچ وڵاتێکیان نەکرد.
ناوبراو وتی: بەداخەوە کە بە پێچەوانەی پاڵپشتی زۆربەی وڵاتانی جیهان، پاڵپشتییەکان لە چالاکوانانی کەرتی گەشتیاری لە ئێران لاوازە.
ئەحمەدی وتی کە لە دوو ساڵی ڕابردوو چالاکوانانی بواری گەشتیاری و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان ڕوبەڕوی زیانێکی زۆر بوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی ئەم بوارەش بە هۆی داخستنی هوتێل و ڕێستورانت و شوێنە گەشتیارییەکانەوە بێکار بوون.
وتیشی کە لە ڕێگای گەشتیارییەوە زۆربەی وڵاتانی جیهان داهاتێکی زۆر بە دەست دێنن، بە واتایەکی دیکە ئەم پیشەسازییە بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ وڵاتان دادەنرێت بە مەرجێک ئەگەر پلانی تایبەت و پاڵپشتی حکومەتی لە گەڵ بێت.
ناوبراو وتی کە داهاتی هاتنی هەر گەشتیارێکی بیانی بەرامبەرە لە گەڵ داهاتی 30 بەرمیل نەوت و هاتنی هەر گەشتیارێکی بیانی لانیکەم 18 هەلی کار دەڕەخسێنێت./.