بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتی: مەرجی ڕیاز بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بەندە بە بوونی ڕێکەوتنێکی نێوان ئەو ڕژێمە و فەڵەستینییەکان یان لانیکەم بوونی دانوستان لە نێوان ئەوان.
ناوبراو وتی کە تێکەڵبوونی ئیسرائیل لە ناوچەکە سوودی دەبێت، نەک تەنیا بۆ ئەو ڕژێمە بەڵکوو بۆ تەواوی ناوچەکە، بەڵام بە بێ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی گەلی فەڵەستین و پێدانی دەسەڵات و مافی چارەی خۆنووسین بەم گەلە، دەنگە توندڕۆکان دەمێننەوە، هەر بۆیە دەبێت مافی هەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆ بدرێتە گەلی فەڵەستین و ئەمەش یارمەتیدەری ناوچەکە دەبێت.
بن فەرحان وتی: گرنگ ئەوەیە کە ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بتوانن لە سەر یەک مێز کۆببنەوە و پرۆسەی ئاشتییەک هەبێت کە کاری لە سەر بکرێت، ئەمە بۆ ئێمە و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییان لە گەڵ ئیسرائیل نییە ئاسانترە بەڵام کاتێک ڕوو دەدات کە چارەسەرێکی دادپەروەرانە دابین بکرێت./.