بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکانی عێراق سەبارەت بە هەر پیلانگێڕییەک لە دژی شێعەکان هۆشداریی دا و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەبێت لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە ڕاستی و درووستی هەڕەشەی ئەمنی لە سەر هەندێک کەسایەتی سیاسی ڕوون بکرێتەوە.
موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر هەینی ڕابردوو هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە لە بەرامبەر ئەوانەی هەڕەشە لە هاوبەشان و هاوپەیمانانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکەن، بێدەنگ نابێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لێدوانی هەندێک لە بەرپرسان باس لە بوونی هەڕەشە دەکات، ئێمە وێڕای ئەوەی کە داوای تاوتوێکردنی ڕاستی و درووستی لێدوانەکان دەکەین، بە پێی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی، یاسایی و ئەخلاقی، هەڵوێستی خۆمان بۆ پاڵپشتی لە سەدر و ڕەتکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک لە دژی هەر کەس و هاووڵاتییەکان لە هەر لایەنێکەوە بێت، ڕادەگەێنین.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمە لەو بڕوایەداین هاوکاری لە گەڵ دەزگای داد و دەزگا ئەمنییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی یاسایی ئەم تاوانانە و سزادانی تاوانبارانی (لە ئەگەری سەلماندنی) بە پێویست دادەنرێت.
هاوکات قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حق ڕایگەیاندووە کە پیلانگێڕی لە دژی شێعەکان وەک خۆی ماوەتەوە و دەبێت لایەنەکان ووشیاری خۆیان بپارێزن./.