بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرووپێکی 200 کەسی لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆماریخوازەکان نامەیەکیان ئاراستەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کردووە و سەبارەت بە هەر ڕێکەوتنێک لە گەڵ ئێران هۆشدارییان داوە، ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە هەر ڕێکەوتنێک بە بێ ڕەزامەندی و پەسەندکردنی کۆنگرێس بە چارەنووسی ڕێکەوتنەکەی سەردەمی باراک ئۆباما دەڕوات کە لە لایەن دوناڵد ترەمپەوە هەڵوەشێنرایەوە.
کەناڵی فۆکس نیوز سەبارەت بەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە لە نامەکەی کۆماریخوازەکاندا بۆ بایدن هاتووە کە ئەگەر بە بێ ڕەزامەندی فەرمیی کۆنگرێس، ڕێکەوتنێک لە گەڵ ئێران واژۆ بکرێت، کاتییە و جێبەجێ ناکرێت و تووشی هەمان چارەنووسی ڕێکەوتنی ناوەکیی ساڵی 2015 دەبێت.
دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بە شێوازی تاکلایانە لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کشایەوە و ئێستا جۆبایدن باس لە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە دەکات بەڵام ڕوبەڕوی گوشارێکی کەم وێنەی کۆماریخوازەکانی کۆنگرێس بووەتەوە./.