بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە واشنتن هێشتا توانای جێبەجێکردنی داواکەی ئێرانی نییە سەبارەت بەوەی کە لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی لەم ڕێکەوتنە نەکشێنەوە.
ناوبراو وتی: بە هۆی ئەزموونی پێشوو، ڕای گشتی لە ئێران ناتوانێت لێدوانی سەرۆکی حکومەتێک، بە تایبەت ئەمریکا، وەک دەستەبەری نەکشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی قبووڵ بکات.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پێشنیاری ئەوەیکرد کە کۆنگرێسی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی سیاسیدا پابەندبوونی خۆی بە ڕێکەوتنی ناوەکی ڕابگەێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە پێشنیاری ئەوە بە لایەنەکانی ڕۆژئاوا دەکرێت کە لانیکەم پەرلەمانەکان یان سەرۆکی پەرلەمانەکانیان، بە تایبەت کۆنگرێسی ئەمریکا، لە چوارچێوەی بەیاننامەیەکی سیاسیدا پابەندبوونی خۆیان بە ڕێکەوتنی ناوەکی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان ڕابگەێنن.
وتیشی کە تاران داوای هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکان دەکات و کێشەکە لەوەدایە کە حکومەتەکەی بایدن تەنیا خوازیاری گەمارۆ ئابورییەکانە کە لە لایەن دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکاوە واژۆ کراوە./.