بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەهرا ئێرشادی لە کۆبوونەوەی لێژنەی گەشەی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، وتی: گەمارۆ زاڵمانەکان وایکردووە کە خەڵک لەو وڵاتانەی بوونەتە ئامانجی ئەم تاوانەی ئەمریکا، بە ئاسانی دەستیان بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی نەگات و لە ئەنجامی ئەمەش گیان و تەندرووستیی هاووڵاتیان ڕوبەڕوی مەترسی بووەتەوە.
ناوبراو وتی: دابینکردنی دەرمان، کەرەستە و پێداویستی پزیشکی بە هۆی سنوردارکردنی سەرچاوە داراییەکان ڕوبەڕوی ئاستەنگی جیدی بووەتەوە، ئەم هەنگاوانەش بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لە سەر کۆمەڵگای ئێرانی بە تایبەت ژنان و منداڵانی نەخۆش داناوە.
دیپلۆماتکاری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بابەتێکی زۆر دڵتەزێن ئەوەیە کە ژمارەیەک لە منداڵان بە هۆی کاریگەری ئەم هەنگاوە نامرۆڤانەی ئەمریکاوە گیانیان لە دەست داوە.
ئێرشادی بە ئاماژە بە وتارەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: سەپاندنی سزا و گەمارۆی تاکلایەنە لە دژی گەلی ئێران، بە تایبەت گەمارۆی سەر کەرتی دەرمان و پێداویستییە مرۆڤدۆستانەکان، تاوانێکی گەورە و وەک تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و ئەوانەش بەم شێوازە گەلانی دیکە سزا دەدەن نابێت بێ سزادان و لێپرسینەوە بمێننەوە./.