بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆزێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و ڕێکخەری باڵای دانوستانەکانی ڤیەننا و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 14 ی شوباتی 2022 سەبارەت بە دوایین دۆخی دانوستانەکانی ڤیەننا بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هەوڵی جیدیی عەلی باقری دانوستانکاری باڵای ئەم وڵاتە و خستنەڕووی دەستپێشخەری، جەختیکردەوە کە پێویستە لە هەر پێشنیارێک ماف و داواکارییە ڕەواکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەچاو بکرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختیکردەوە کە تاران بە هیچ شێوازێک پاشەکشە لە هێڵە سوورەکانی ناکات کە لە سەر بنەمای ڕاستی و لۆژیکە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپاش ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی ڤیەننا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و پێویستە سەرجەم لایەنەکان یارمەتیدەری بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان بن./.