بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کتێبێکی نووسراوی یەکێک لە پەیامنێرانی ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزدا هاتووە کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا هێشتا لە گەڵ کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور لە پەیوەندیدایە.
ماگی هیبرمەن لە کتێبێکدا بە ناونیشانی ” پیاوە فێڵبازەکە: بەرهەمی دوناڵد ترەمپ و شکستی ئەمریکا ” کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاو ببێتەوە، لە سەر زاری دوناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە هێشتا لە گەڵ کیم جونگ ئون لە پەیوەندیدایە.
هیبرمەن لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن سەبارەت بە کتێبەکەی ڕایگەیاند کە سەرەڕای لێدوانەکەی ترەمپ، ناتوانێت بوونی ئەو پەیوەندییە پشتڕاست بکاتەوە.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە ڕوو دەدات و ئەوەی کە ترەمپ باسی دەکات هەمیشە وەک یەک نین بەڵام بە کەسانی نزیک لە خۆیی ڕاگەیاندووە کە هێشتا پەیوەندییەکانی لە گەڵ کیم جون ئون بە چەند شێوازێک پاراستووە./.