حاکم ڕزگار محەممەد ئەمین کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری عێراق لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی کە من خۆمم وەک سەربەخۆ کاندید کردووە و کەسیش پشتگیریمی نەکردووە و پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکی سیاسیشەوە نەکردووە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەم کاتەدا لە سەر پرسی سەرۆک کۆمار چ زیانێک بە ئێستا و داهاتووی هەرێم دەگەێنێت، لە سەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و لە سەر ئاستی عێراق بە گشتی؟
یەکگرتوویی بۆ هەر نەتەوە و کۆمەڵگا و تەنانەت خێزانێک بە فاکتەرێکی گرنگ دادەنرێت، ئەوان باشتر دەتوانن ئامانجەکانیان مسۆگەر بکەن و بە پێچەوانەوە نەبوونی یەکڕیزی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە هێزەکانی دیکە بە ئاسانی بە سەریاندا سەرکەون و مەرجەکانی خۆیان بە سەر ئەواندا بسەپێنن، هەر بۆیە هیوادارم هێزە کوردییەکان یەکگرتوو بن.
ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە سەر دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار تا چەندە بە گرنگ دەزانن؟
بابەتێکی گرنگ بوو کە لایەنە کوردییەکان لە سەر کاندیدکردنی کەسێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە بگەنە ڕێکەوتن و هەموو خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی بە هی خۆی بزانێت، ئەمە بۆ یەکڕیزی گەلەکەمان گرنگ بوو، هەروەها بۆ حیزبەکانیش گرنگ بوو کە لە نێوان ئەندامانی خۆیان و کەسانی دەرەوەی حیزبەکانی خۆیان هیچ جیاوازییەک نەکەن و کەسانی شیاو بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن، بە تایبەت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە پێویستی بەوە دەکرد کەسێکی ناحیزبی کاندید بکرێت و ئەگەر حیزبیش بێت لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا لە هەر ململانێ و بەرژەوەندییەکی حیزبی دوور بکەوێتەوە و وەک چەترێک کۆکەرەوەی هەموو لایەنێک بێت، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر لە سەر سیاسەتی حیزبیبوون مایەوە ئەوا لایەنەکانی دیکە گومانی لە سەر درووست دەکەن و ناتوانێت بە یەکسانی مامەڵە لە گەڵ هەموو لایەکدا بکات و هەر بۆیە پێویست بەوە دەکات خەڵکی بێ لایەن و شارەزا و ئەوانەی کە ڕابردوویان پاک بێت بۆ ئەو پۆستانە کاندید بکرێن.
بۆچوونی ئێوە لە سەر ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە سەر دیاریکردنی کاندیدی هاوبەش چییە؟
باشترە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کەسێکی یاسایی دیاری بکرێت لە بەر ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە ئیشەکانی سەرۆک کۆمار یاساییە و پێی دەڵێن پارێزەری دەستوور و بە پێی یاسا کار دەکات، ئەم مەرجانە پێویست دەکات کە حیزبەکان لە سەر کەسانی شارەزا و بێلایەن بۆ پۆستە گرنگەکان ڕێکبکەون تا بەرژەوەندی گشتی بە سەر بەرژەوەندی کەسی و حیزبیدا زاڵ بێت بەڵام بەداخەوە کە تا ئێستا وا نەکراوە و ئەمەش زیانی گەورەی بە حیزبەکان گەیاندووە.
ئایا هەوڵی ئەوەتان داوە کە پشتگیری حیزبەکان بە دەست بێنن یان وەک کاندیدی سەربەخۆ و بە پێ هیچ پشتگیرییەک چوونەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەوە؟
من بە بێ پشتگیری هیچ لایەنێک چوومەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە لە بەر ئەوەی کە تەواوی مەرجە یاساییەکانم تێدایە و بۆ سەرکەوتنیشم تەنیا پشتم بە خودا و ئەو کەسانە بەستووە کە درووست بیردەکەنەوە و پێیان وایە کە دەبێت کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت، ئەنجامی ئەم هەنگاوەش بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەگەڕێتەوە کە زۆربەیان سەر بە لایەنەکانن و لە کۆتاییدا ڕێکەوتنی سیاسی بڕیار لە سەر پرۆسەکە دەدات، ئەگەر بە ڕێکەوتنی سیاسی و حیزبی بێت، واتە هەر کەسەوە و پابەند بێت بە کوتلەی خۆیەوە ئەوا دیارە کێ دەردەچێت و ئەگەریش ئەندامەکان ئازادانە بڕیار بدەن شتێکی دیکە ڕوو دەدات، لە بەر ئەوەی کە ئەمە بڕیاردانە لە سەر کەسێک و ئەوان بڕیار دەدەن کە کێ لە کێ شیاوترە بۆ پۆستەکە. من بە سەربەخۆ بەشداریم کردووە و تا ئێستاش نە پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکی سیاسییەوە کردووە و نە کەسێکیش پەیوەندی بە منەوە کردووە.
ئێوە یەکێک لە دادوەرەکانی پرۆسەی دادگاییکردنی سەدامی دیکتاتۆر بوون. ئایا ئەمە نابێتە گرفت کە دەنگی سوننەکان لە دژی ئێوە بێت یان شێعەکان پاڵپشتی ئێوە بکەن؟
لە ڕاستیدا نازانم کە ئەوە دەبێتە گرفت یان نە، لە بەر ئەوەی کە نازانم خەڵک چۆن بیر دەکاتەوە، من هەموو کەس شایەتی ئەوە دەدات کە بێلایەنی خۆم لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا پاراست و لە هیچ شتێکی ئەو پرۆسەیەش پەشێمان نیم، لە ئاکامدا بیرکردنەوەی ئەندامانی پەرلەمان گرنگە.
وتووێژ سەردەشت محەممەد