مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وتی: ئەم ململانێیە نەک تەنیا سوودی نییە بەڵکوو زیانی گەورەشی بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت، چ لە سەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چ لە سەر ئاستی عێراق و پۆستی سەرۆک کۆمار کە پۆستێکی پرۆتۆکۆلییە و دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە، ئەوەندە ناهێنێت ململانێی وەهای لە سەر بکرێت.
ناوبراو وتی: کێشەی ئێمە لە بەغدا پۆست نییە بەڵکوو کێشەی مادەی 140 و پێشمەرگە و نەوت و غاز و بودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و بۆ ئەمەش دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکگرتوو بن.
مەحمود عوسمان لە درێژەدا وتی: چەند جارێک پێشنیاری ئەوەم بۆ لایەنە سیاسییەکان کردووە کە دەبێت هەموویان کۆببنەوە و خەڵکی شارەزاش بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا بکەن تا بتوانن پرۆژەیەکی گشتگیر دیاری بکەن لە سەر داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان.
وتیشی کە لایەنەکان دەبێت لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماریش بگەنە ڕێکەوتنی هاوبەش و بە هاوبەشی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری بکەن، لە بەر ئەوەی کە سەرۆک کۆمار پشکی کوردە نەک لایەنێکی سیاسی بەڵام بەداخەوە ئەو لایەنانە نەک تەنیا گرنگییان بە پێشنیارەکانی من نەداوە بەڵکوو شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن.
مەحمود عوسمان وتی: ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەم جۆرە یەکگرتوو نەبن و هەر یەک شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن، هێندەی دیکە لە بەرامبەر پاراستن و بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کورد لاوازتر دەبن.
ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ڕۆڵی سیاسەتمەداران و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان و شەقامی کوردیش بۆ درووستکردنی گوشار لە سەر لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی، وتی: ئێمە بەردەوام قسەی خۆمان هەبووە بەڵام ئەوان تەنیا شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و گوێ لە پێشنیار و بۆچوونی خەڵک و خەمخۆران و سیاسەتمەداران ناگرن، ئەگەر هەوڵێکیش هەبێت تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی نەخوڵقاندووە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد