بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە بە ئاماژە بە هەوڵەکانی سەرۆکی ڕەوتی موستەقبەل بۆ کێشە خستنە بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژادنە پەرلەمانییەکەی لوبنان، وتی: ڕاگەیاندنی هەڵپەساردنی چالاکییە سیاسییەکانی سەعد حەریری و ڕوبەڕوبونەوەی لایەنەکانی نزیک لە ئێران بە سیناریۆیەکی نوێ و خوڵقاندنی کێشە لە بەردەم هەڵبژاردنەکانی لوبنان دادەنرێت. لە چەند مانگی ڕابردوو و کاتێک گەیاندنی سووتەمەنی ئێران بۆ لوبنان لە لایەن حیزبوڵڵاوە بووە بابەتێکی گەرمی ناوخۆی ئەم وڵاتە، حیزبوڵڵا پێگەی خۆیی لە ناوخۆی لوبنان بە تایبەت بەیروتی پایتەخت بەرز کردەوە، هاوکات هێزی تارانیش بۆ دوژمنان ڕوون کرایەوە. لە بەرامبەردا بەڵام لایەنێکی دیکەی سیاسی هەنگاوەکانی دژ بە حیزبوڵڵا و ئەم بەرەیە گرتەبەر و بەشێک لە سیناریۆکانیش لە لایەن سەعد حەریرییەوە بەڕێوە دەبرا. تێڕوانینێک لە سەر کارنامەی 15 ساڵەی ڕابردووی ناوبراو، پیشان دەدات کە کردەوەیەکی ئەرێنیی لێ بە جێنەماوە.
ناوبراو وتی: سەعد حەریری هەر کات لە لوتکەی دەسەڵاتی لوبناندا بووە ئەم وڵاتە ڕەوشێکی ئاڵۆزی هەبووە و کاتێکیش وازی لە پۆستەکەی هێنا، دیسانەوە ئاڵۆزییەکان ڕووی لە لوبنان کردەوە. ناوبراو لە سێ مانگی ڕابردوو هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسی گشتیی دەدا بە بەشداری ڕەوتی موستەقبەل و ڕەوتی هێزەکانی لوبنان و ئەمەشی وەک چینی نوخبەی لوبنان پێناسە دەکرد. بە پێی بەڵگەکان، ئەو کەسانەش کە ژمارەیان لە 200 کەس زیاتر نابێت، هەوڵی ئەوەیان دەدا شەپۆلێکی نوێی سیاسی لە لوبنان بەڕێبخەن و لە ئاکامدا کاریگەری لە سەر تەواوی گۆڕانکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دابنێن بەڵام ئەمە ڕووی نەدا. بە واتایەکی دیکە، سەعد حەریری و لایەنەکانی نزیک لە ناوبراو لە ناوخۆی لوبنان ئەوەیان بۆ مسۆگەر نەکرا کە ڕەوتێکی نوێی سیاسی بۆ هەڵبژاردنەکان بە کردەوە پێک بێنن و پڕوپاگەندەی میدیاییش یارمەتیدەری ئەوان هەبوو و بەم هۆیەوە شکستێکی دیکە لە کارنامەی سیاسیی حەریری تۆمار کرا.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە لە درێژەدا وتی: ئەم شکستە هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی حەریری لە چالاکییە سیاسییەکان و دەسەڵاتی لوبنان بووە و بەمەش ویستی ئەوەی هەبوو کە سەرەتا شکستەکانی خۆی بشارێتەوە و لە قۆناغی دووەم، ڕوبەڕوبونەوە و ئاڵۆزییەکی سیاسی لە بەیروت بێنێتە پێشەوە. ئەوەی کە دەبینین لە پاش لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەردانی ئیماراتی کردووە و ئەم سەردانەی بە ئامانجی ئابوری بە خەڵک پیشان دەدات، پیشاندەری ئەوەیە کە حەریری دیسانەوە پەنای بۆ دەرەوەی لوبنان بردووە. سەردانەکەی حەریری بۆ ئەبوزەبی هاوکات لە گەڵ هێرشەکانی ئیمارات بۆ سەر یەمەن و وەڵامەکەی ئەنساروڵڵا پیشان دەدات کە ناوبراو سیاسەتێکی نوێی دژ بە بەرەی خۆڕاگریی دەستپێکردووە. هاوکات لە گەڵ ئەم گۆڕانکارییانەش دەبینین کە نەجیب میقاتی داوای گەڕانەوەی ناوبراوی بۆ گۆڕەپانی سیاسیی لوبنان کردووە.
حەسەن هانیزادە وتی: ئەوەی کە بۆ میقاتی وەها هەڵوێستێکی هەیە بۆ پەیوەندییە سیاسییەکانی هەر دوو لا دەگەڕێتەوە. سەعد حەریری، نەجیب میقاتی و سەمیر جەعجەع لە سەر یەک هێڵ هەژمار دەکرێن و هەوڵ دەدەن دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان و لایەنەکانی سەر بە خۆیان بەرەو گۆڕانکاری ببەن. لە سەر ئەم بنەمایەش حەریری هەوڵ دەدات تا لە دەرەوەی لوبنان لە دژی خۆڕاگری و بەیروت سیاسەتێکی نوێ بەڕێوە ببات و ئاستی دەستڕۆیشتوویی حیزبوڵڵا و لایەنەکانی خۆڕاگری دابەزێنێت. ئەو هەوڵ دەدات خۆی وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن بە خەڵکی لوبنان بناسێنێت و ئەمەش وەک سیناریۆیەک لە سعوودیە و ئیماراتەوە جێبەجێ دەکات. ئەوەی کە حەریری بتوانێت هەڵبژاردنەکانی لوبنان بە تەواوی بایکۆت بکات بابەتێکە کە ڕەنگە هێندە کاریگەریی نەبێت و بە بۆچوونی من بە پێی دۆخی سیاسیی لوبنان، ڕەوتی خۆڕاگری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم وڵاتە دەتوانێت ژمارەیەکی زۆر کورسی بە دەست بێنێت./.