بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەهرا ئێرشادی جێگری باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە سەر داوای ڕووسیا بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکەی داعش بۆ سەر گرتووخانەی حەسەکە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: ئەوەی کە لە حەسەکە بینرا، ئەنجامی بەردەوامیی داگیرکاری چەند بەشێکی سوریایە لە لایەن هێزە بیانییەکان بە تایبەت هێزەکانی ئەمریکاوە.
ناوبراو وتی: هاتووچۆی ئازادانەی گرووپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەت ئەندامانی داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتانی بێگانە لە سوریا و عێراق و هەروەها گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی دیکە، هەڕەشە لە سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دادەنێت.
داعش بە پاڵپشتی چەند وڵاتێک بووەتەوە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی ناوچەکە
ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی ئێران وتی: هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر گرتووخانەی حەسەکە کە داعش بەرپرسیاریەتییەکەیی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئەستۆ گرت، پەیامێکی مەترسیدارە کە پیشان دەدات داعش بە پاڵپشتییەکانی چەند وڵاتێک بەردەوام وەک هەڕەشە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ماوەتەوە.
ئێرشادی ڕایگەیاند کە ئێران بە وردی چاوێری ڕووداوەکانی سوریا بە تایبەت حەسەکە دەکات و وتی: ڕووداوەکانی حەسەکە بە ڕوونی پیشان دەدات کە هێزە داگیرکەرەکان و هاوپەیمانەکانی ئەوان لەوەدا شکستیان هێناوە کە بتوانن ئاسایش و سەقامگیری ناوچە داگیرکراوەکان دابین بکەن، ئەمەش یارمەتیدەری داعش بووە تا پێگەی خۆی لەو ناوچانە بەهێزتر بکات و لە ئەنجامی ئەمەش ژیانی خەڵکی سڤیل لەو ناوچانە کەوتووەتە مەترسییەوە.
وتیشی کە ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە پیشانی داوە کە بوونی تیرۆریستانی بیانی و خێزانەکان ئەوان لە چەند ناوچەیەکی سوریا وەک سەرچاوەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ماوەتەوە.
ئەو دیپلۆماتکارەی ئێران وتی: جێی داخە کە هەندێک وڵات کە خۆیان بە پێشەنگی لایەنگریی مافی مرۆڤ دەزانن، ڕێگری لەوە دەکەن هاووڵاتیانی خۆیان و بە تایبەت خێزانەکانیان کە لە دۆخێکی نالەباردا ژیان بە سەر دەبەن، بگەڕێنەوە.
جێگری باڵیۆزی ئێران وتی: بە پێی مەترسی و هەڕەشەی بوونی ئەو تیرۆریستانە لە سوریا، دەبێت پرسی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی پەیوەندیدار لە ڕیزی کارە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بێت.
پێویستە کۆتایی بە داگیرکاریی سوریا بهێندرێت
ئەو دیپلۆماتکارەی ئێران لە درێژەدا جەختیکردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم نابێت بیانوویەک بۆ پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بێت، بەردەوامیدان بە داگیرکردنی چەند بەشێک لە خاکی سوریا بووەتە هۆکاری چالاکی و گەشەی گرووپە تیرۆریستییەکان و دەبێت بە خێرایی کۆتایی بەم دۆخە بهێندرێت.
ناوبراو وتی: ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بە سەر خاکی خۆیەوە هۆکارێکی گرنگی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە دەبێت، لەم پێناوەدا دەبێت بە پێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بگیرێت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان درێژە بە پاڵپشتیکردنی حکومەتی سوریا دەدەین
ئێرشادی وتی: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنیا کاتێک کاریگەریی دەبێت کە سەرجەم وڵاتان بە تەواوی و بەرپرسیارانە بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و واز لە سیاسەت و ستاندادری دووفاقیی خۆیان بێنن.
جێگری باڵیۆزی ئێران وتی: تاران لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی یاسایی سوریا بۆ شەڕی دژ بە گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبێت و ئەمەش یەکڕیزی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەستەبەر دەکات./.