بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی هەواڵی ” الخلیج الجدید ” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی سوپا و ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سەر ئیمارات نەک تەنیا لێدانێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە بووە بەڵکوو زیانێکی گەورەی بە ناوبانگی ئیمارات گەیاندووە کە خۆیی وەک سویسرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە کردووە.
هێرشەکان نەک تەنیا دەسەڵاتدارانی ئیمارات، بەڵکوو تاوانباران و شەڕەنگێزانیشی نیگەران کردووە کە لەو بڕوایەدان ئیمارات بووەتە پەناگەیەکی سەقامگیر بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و سامانە دزراوەکان و سپیکردنەوەی پارە.
ڕاپۆرتی ئەم دواییەی دەزگای کارێنگی بۆ ئاشتەوایی نێودەوڵەتی پیشانیداوە کە ئەو سەروەت و سامانەی بووەتە ژێرخانی گەشەی دۆبەی، تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی داهاتی نایاسایی گەندەڵی و تاوانەکانەوە مسۆگەر دەبێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: لە کاتێکدا کە ئیمارات ڕابردوویەکی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام سەبارەت بە چالاکییە نایاساییەکان و تاوانە داراییەکانی دیکە، ئەم وڵاتەی کردووەتە ئامانجێک بۆ ڕاکێشانی شەڕەنگێزان، بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان و کەسانی دیکە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی الخلیج الجدید، ئیمارات بەسراوەی کرێکارانی بیانی و هاتووچۆی گەشتیارانە و ئەگەر بە ئاسانی لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەکانەوە بکرێتە ئامانج، ئەوان پێداچوونەوە بە بڕیاری مانەوەی خۆیان لەم وڵاتەدا دەکەن.
ئەیاد ئەلبەغدادی چالاکوانی بەناوبانگی فەڵەستینی سەبارەت بەوەی کە ئەگەر بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن شارە گەورەکانی ئیمارات بکاتە ئامانج، چ ڕوو دەدات؟ وتی: کرێکارە بیانییەکان جانتاکانی خۆیان هەڵدەگرن و یەک شەوە خاکی ئیمارات بە جێ دێڵن.
ناوبراو وتی: زۆربەی دانیشتووانی ئیمارات بە هۆی دەرفەتە ئابورییەکانەوە هاتوونەتە ئەم وڵاتە و زیاتر لە نیوەی ئەوان لە بنەڕەتدا خەڵکی باشوری ئاسیان، ئەم کەسانە لە ئەگەری پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان، لە ئیماراتدا نامێننەوە و ئیماراتیش ناتوانێت ڕێگری لە چوونیان بکات، لە بەر ئەوەی کە دانیشتووی ڕەسەنی خۆی نین.
الخلیج الجدید لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: ئیمارات لە سەر بنەمای کاری بیانی و کرێکاری هاوردەوە بە مووچەی زۆر کەم لە وڵاتانی وەک بەنگلادیش، پاکستان و هیندستان بونیاد نراوە و زۆربەی کات مافی مرۆڤ لەم وڵاتەدا لە بەرچاو نەگیراوە. ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەتوانێت وێنەیەکی ئاڵۆز و ناسەقامگیر ببەخشێتە خەڵکانی ئاسیا، ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ئەفریقا کە لە ئیماراتدا نیشتەجێن.
بەدەر لەو پرسیارانەی کە سەبارەت بە لاوازی و بێ کاریگەریی سیستەمە بەرگرییەکانی ئیمارات کە بە ملیاران دۆلاریان لە پێناودا سەرف کراوە، هاتووەتە پێشەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە درۆنەکانی یەمەن چۆن هەزاران کیلۆمەتریان بڕیوە و گەیشتوونەتە قووڵایی خاکی ئیمارات؟.
لە دڕێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پلانی داهاتووی یەمەن لە بەرامبەر ئیمارات هێشتا ڕوون نییە و ئەبوزەبی ڕەنگە بۆ ڕێگری لەو هێرشانە پەنا بباتە سیستەمی بەرگریی گومەزەی ئاسنینی ئیسرائیل و ملیاران دۆلاریش بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی بداتە ئەو ڕژێمە و بەمەش ئێش و ئازاری فەڵەستینییەکان پشتگوێ بخاتەوە.
ئێستا ئیمارات دەبێت پرسیاری ئەوە لە خۆی بکات کە ئایا یەمەن بۆی بووەتە گێژاوێک کە خاڵە لاوازەلانی ئەم وڵاتەی ئاشکراتر کردووە و سەرچاوە داراییەکانی لە ناو دەبات و زیان بە ناوبانگی دەگەێنێت. وڵاتێک کە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییە بێگومان چیدی پەناگەیەکی سەقامگیر و پارێزراو بۆ وڵاتانی جیهان نابێت./.