بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیوان کاشفی ڕایگەیاند: ئامانجی هەناردەی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاویی کرماشان لە پشکی 45 ملیار دۆلاریی هەناردەی ئێران بە گشتی، 2 ملیار و 853 ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە کە بە تێپەڕبوونی 9 مانگ لەمساڵ تا ئێستا 2 ملیار و 115 ملیۆن دۆلار، واتە لە سەدا 74 ی ئەو ئامانجە دیاریکراوە مسۆگەر بووە.
ناوبراو وتی: ئەگەر گازی هەناردەکراویش لە ڕێژەی هەناردە زیاد بکەین، لە سەدا 98 ی پشکی هەناردەی ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاویی کرماشان مسۆگەر بووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشان پێشبینی ئەوەیکرد کە تا کۆتایی ساڵ پشکی 2 ملیار و 853 ملیۆن دۆلاریی هەناردەی ئەم پارێزگایە بە هەوڵ و تێکۆشانی وەبەرهێنەران و هەناردەکاران مسۆگەر ببێت و ڕایگەیاند کە ئەگەر هەندێک ژێرخانی پێویست لە پارێزگای کرماشان دابین بکرێت دەتوانین بۆ ساڵی داهاتووی کۆچی هەتاوی بگەینە ڕێژەی 3 ملیار دۆلاریی هەناردەکردن.
کاشفی ژێرخانە سنورییەکانی وەک سۆمار و بە تایبەت ڕێگەی گەیشتن بەم سنورەی بە گرنگترینی ژێرخانە پێویستەکان ناو برد کە باشتربوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی دەتوانێت یارمەتیدەری پەرەپێدانی هەناردەی پارێزگای کرماشان بێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە لێکدانەوەی ڕێکخراوی گەشەی بازرگانیی ئێران لە دۆخی هەناردەی نانەوتی لە 9 مانگەی ئەمساڵ، وتی: بۆ ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی نزیکەی 45 ملیار دۆلار هەناردەی نانەوتی وەک ئامانجێک دیاریکرا کە خۆشبەختانە تا کۆتایی مانگی 9 ی ئەمساڵ لە سەدا 77.5 ی ئەو ئامانجە مسۆگەر بووە.
بە وتەی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری بازرگانیی ئێران، لە سەدا 85 ی هەناردەی ئێران بە گشتی بۆ 17 وڵاتە کە وڵاتانی دراوسێ و هیندستان و چین لە خۆ دەگرێت و لە سەدا 71 ی هەناردەش بە تایبەت بۆ 15 وڵاتی دراوسێ بووە.
کاشفی وتی کە بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی گەشەی بازرگانیی ئێران، کرماشان لە پاش پارێزگاکانی هۆرمزگان، خوزستان، بوشەهر و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە پلەی پێنجەمی وڵاتدایە.
ناوبراو وتی: ئەمەش لە کاتێکدایە کە سێ پارێزگای باشوری ئێران (هۆرمزگان، خوزستان، بوشەهر) خاوەنی بەندەری دەریایین و پشکی بەرچاوی هەناردەی ئەوان بەرهەمەکانی پترۆکیمیایە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی کرماشان پێی وایە کە ئەم دۆخە پیشان دەدات کرماشان لە ڕووی بازرگانی و هەناردەوە لە ئێران خاوەن پێگەی تایبەتە./.