بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیبراهیم دەیلەمی بە ئاژانسی ئیسنای ئێرانی ڕاگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕی سەپێندراوی یەمەنەوە بەردەوام بەرزکردنەوەی ئاستی توانا سەربازییەکان بە تایبەت لە بەشی مووشەکی و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان وەک ستراتیژێک پەیرەو کراوە و لە بەشەکانی وشکانی و دەریاییش پێشکەوتنی بەرچاو هەبووە.
ناوبراو وتی: دوژمن چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە بەو خێراییە بگەینە ئاستێکی باڵای پێشکەوتنی سەربازی و بەم هۆیەوە لە میدیاکانی خۆیان پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە چەکەکانی یەمەن ئێرانییە بەڵام ئەوە درۆیە و سەرجەم چەکەکانی یەمەن لە ناوخۆی ئەم وڵاتە بەرهەم دێت و هێزەکان و شارەزایان و پسپۆڕانی یەمەنی بەردەوام لەم بوارەدا چالاکی دەکەن.
دەیلەمی وتی: ئێمە کەڵکمان لە ئەزموونی شارەزایانی ئێرانی وەرگرتووە و ئەمەمان نەشاردووەتەوە و هەر وڵاتێکیش لەم بوارەدا هاوکاری ئێمە بکات پێشوازیی لێدەکەین.
باڵیۆزی یەمەن وتی: لەبیرم ماوە کە لە کۆبوونەوەیەک لە ئەڵمانیا کەسێکی سعوودی بە منی وت کە چەکەکانی ئێوە ئێرانین. منیش وەڵامم دایەوە کە چەکەکانی ئێوە لە کوێ هاتوون، لە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا؟ بە دڵنیاییەوە کە ئێمەش هەوڵی گەیشتن بە چەک دەدەین و هەر وڵاتێکیش هاوکاریمان بکات پێشوازی دەکەین./.