بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زاهیر جەبارین شەوی سێ شەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دیلەکانی گرتووخانەی جەلبوعی بە یەکێک لە گەورەترین هێماکانی خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین ناو برد و وتی: ئەگەر خۆڕاگری بەڵێن دەدات جێبەجێی دەکات و بڕوای بەوەش هەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دیلەکان ئازاد دەکرێن.
ناوبراو وتی: ئێمە ڕژێمی داگیرکەری زایۆنیستی ناچار بەو ڕێکەوتنە دەکەین کە بۆ ئێمە پڕ لە شانازی دەبێت.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بە ئاماژئە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تەواوکردنی ڕێکەوتنی ئازادی دیلەکان جیدی نییە، وتی: خۆڕاگری چوارچێوەیەکی ڕوونی داوەتە نێوەندگێڕەکان بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵەکانی بێ ئەنجام کردووە.
جەبارین وتی کە چەندین نێوەندگێڕ لە وڵاتانی وەک سویسرا، قەتەر، تورکیا، میسر، نەرویج و ئەڵمانیا بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان قسەیان کردووە بەڵام هەموویان بەو بڕوایە گەیشتوون کە ڕژێمی زایۆنیستی لەم قۆناغەدا بۆ تەواوکردنی ڕێکەوتنەکە جیدی نییە.
ناوبراو وتی: دیلەکان هێڵی سوری گەلی فەڵەستینن و شەڕی ئەوان لە ناو گرتووخانەکاندا بە تەنیا ناهێڵینەوە و بۆ دەرەوەی گرتووخانەکانی دەبەین، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە و خەڵک بۆ پاڵپشتی لە دیلەکان بە هەموو هێزێکەوە ڕاپەڕین دەکەن./.