بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی جیهانی یۆنسکۆ، ئاسەوارە مێژووییەکان و میراتی کەلتوریی ئەو وڵاتانەی کە بەڵێننامەی میراتی کەلتوری ڕێکخراوەکەیان قبووڵ کردووە، لە ڕیزی ئاسەوارە مێژووییەکانی خۆیدا تۆمار کردووە. یەکێک لە خاڵەکانی ئەو بەڵێننامەیە پاراستن و چاودێریی ئاسەوارە تۆمارکراوەکانە لە لایەن سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ.
تۆمارکردنی بینا مێژووییە ناسراوەکانی ئێران لە یۆنسکۆ
لە ئێران، بینا مێژووییەکان و میراتی کەلتوری، پێگە و دەوڵەمەندییەکی زۆریان بەم وڵاتە بەخشیوە کە تا ئەمڕۆ 23 بینا لە سەر ئاستی جیهانی بە فەرمی تۆمار کراون. ناوی چەند بینایەکی دیکە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە کە لە لایەن ئەو ڕێکخراوە جیهانییەوە بە فەرمی تۆمار بکرێت.
ناوی چەند بینایەکی مێژوویی تۆمارکراوی ئێران لە یۆنسکۆ لە درێژەدا هاتووە:
چۆغازەنبیل
بینایەکی مێژووییە بە مێژووی 3000 ساڵە و لە ئاسەوارە بەجێماوەکانی حکومەتی ئیلامییەکانە.
زیگۆرات دوراونتاش کە زیاتر بە ناوی چۆغازەنبیل دەناسرێت، پەرستگەیەکی کۆنە کە نزیکەی 1250 ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح لە شارستانیەتی ئیلام درووست کراوە.
ئەم بینا ناسراوە، بینای ناوەندیی شوێنەوارێکی بەجێماوەی کۆمەڵەی ئیلامییەکانی دوراونتاش (شاری ئونتاش) بووە کە لە نزیک شاری شوش لە پارێزگای خوزستانی ئێراندایە.
چۆغازەنبیل لە ساڵی 1979 وەک یەکەم ئاسەواری مێژوویی لە ئێران لە ڕیزی میراتی جیهانیی یۆنسکۆ تۆمار کرا و شێوازی کەم وێنەی بیناسازییەکەی بۆ ئاسەوارناسەکان و هۆگرانی مێژوو و میراتی کەلتوریی جیهان پڕە لە جوانی و تایبەتمەندی.
ڕۆژهەڵات ناسەکان چۆغازەنبیل بە کۆنترین بینای مەزهەبیی ناسراوی ئێران دەزانن.
زیگۆراتی چۆغازەنبیلی شوش یەک لەو سێ ئاسەوارە ئێرانییەیە کە هاوکات لە گەڵ تەختی جەمشید و گۆڕەپانی نەخشی جیهانی ئەسفەهان، یەکەم جار لە ساڵی 1358 ی کۆچی هەتاوی وەک یەکەم ئاسەواری نیشتمانیی ئێران لە ڕیزی ئاسەوارە جیهانییەکانی یۆنسکۆ تۆمار کرا.
تەختی جەمشید
پایتەختی حکومەتی هەخامەنشییەکان کە لە لایەن داریوش دامەزراوە.
ئەم شارە مێژووییە ساڵانێک پایتەختی بەشکۆی پاشایەتی هەخامەنشییەکان بووە. ساڵی 518 ی پێش لەدایکبوونی مەسیح کاری بونیادنانی دەستیپێکرد. پاش داریوش کوڕەکەی بە ناوی خەشایارشا و نەوەکەی بە ناوی ئەردەشیری یەکەم بە درووستکردنی چەند بینایەکی دیکە، پەرەیان بەم کۆمەڵەیەدا. زۆربەی زانیارییەکان لە سەر ئەم کۆمەڵەیە و مێژووی دەسەڵاتی هەخامەنشییەکان بۆ بوونی ئەو بەردەنووسانەی دەگەڕێتەوە کە لە کۆشک و کۆمەڵەکەدا نەخشێندراوە.
مێژووناسێک ڕایگەیاندووە کە لانیکەم دەشتی تەختی جەمشید 39 شوێنی نیشتەجێبوونی هەبووە کە 43600 کەس دانیشتووانەکەی بووە. بۆچوونی مێژووناسانی ئێرانی ئەوەیە کە ئەسکەندەری مەکدونی سەرداری یۆنانی لە 230 پێش لەدایکبوونی مەسیح هێرشی کردە سەر ئێران و تەختی جەمشیدی سووتاند و بەم کارەش بەشێکی زۆری کتێب و کەلتور و هونەری هەخامەنشییەکان لە ناو برا. ئەم شوێنە مێژووییەش لە ساڵی 1979 یەکێک لە ئاسەوارە تۆمارکراوەکانی ئێران لە میراتی کەلتوری جیهانی یۆنسکۆ بووە.
قەڵای بەم
لە پارێزگای کرمانی ئێراندایە. پێنجەمین ئاسەواری تۆمارکراوی ئێرانە لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ و گەورەترین کۆمەڵەی خشتیی جیهانە.
بیناکە لە ڕاستیدا قەڵایەکی گەورەیە و لە نێو دڵی خۆیدا قەڵایەکی دیکەی شوێن کردووەتەوە بەڵام شکۆی بیناکە وایکردووە کە بە گشتی وەک قەڵای بەم بناسرێت.
مێژووی ئەم بینایە بۆ زیاتر لە 2000 ساڵی ڕابردوو، سەردەمی دەسەڵاتی ئەشکانییەکان دەگەڕێتەوە.
بێستون
لە بێستونی کرماشاندا تەختەبەرد و بەردەنووسێک هەیە کە دەڵێن داریوشی یەکەم ئەوەی نووسیوە.
ئەم بەردەنووسە لە بەرزاییەکی چەند دە میتری لە ئاستی زەوی و لە داوێنی باشوری شاخی پەڕاو درووست کراوە.
تەختی سولێمان
قەڵایەکی مێژوویی بەجێماوی سەردەمی ساسانییەکانە بە چەندین بەشی وەک ئاگرکەدە، هۆڵی خەسرەو، پەرستگەی ئاناهیتا و دەروازە و دیواری بەهێزی ئەو سەردەمە کە بە یەکێک لە بینا گرنگە مێژووییەکانی جیهان دادەنرێت.
دەوترێت کە تەختی سولێمان هەمان فرە ئەسپەی پایتەختی ئێرانی ئەشکانی بووە.
تەختی سولێمان گەورەترین ناوەندی پەروەردە و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی و پەرستگەی ئێرانییەکانی پێش ئیسلام بووە.
تاڤگەکانی شوشتەر
کۆمەڵەیەکی پێکەوەبەسراوی ئاسیاوەکان، پردەکان و تاڤگەکانە.
ئەم بینایە لە سەردەمی هەخامەنشییەکان تا ساسانییەکان بە مەبەستی باشتر کەڵک وەرگرتن لە ئاو درووست کراوە.
مێژووناسێکی ناوداری فەرەنسی ئەم کۆمەڵەیەی وەک گەورەترین کۆمەڵەی پیشەسازیی پێش شۆڕشی پیشەسازی ئەورووپا ناو بردووە.
کۆمەڵەی مێژوویی پاسارگاد
لە پارێزگای فارسی ئێراندایە، دووەم ئاسەواری جیهانیی ئەم پارێزگایە و شەشەم ئاسەواری جیهانیی ئێرانە و ساڵی 1383 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە بە فەرمی تۆمار کراوە.
ئەم کۆمەڵەیە مێژووییە کە بە دەشتی مورغابیش ناسراو بووە، هەڵگری مێژووییەکی 3 هەزار ساڵەیە و لە ڕووی کشتووکاڵییەوە شکۆ و گەشەیەکی کەم وێنەی هەبووە.
ئەم کۆمەڵەیە چەندین بینای لە خۆ گرتووە، وەک، مەزاری کورۆش لە باشور، تەل تەخت یان تەختی سولێمان و بیناکانی دیکەی سەر گردەکەی باکور، کۆمەڵەی پاشایەتی لە ناوەندی بیناکە کە ئاسەواری دەروازە، هۆڵی گشتی، کۆشکی نیشتەجێبوون و باخی پاشایەتی هێشتا پێوە دەبینرێت.
کۆشکی گوڵستان
یەکێک لە کۆنترین ئاسەوارە مێژووییەکانی تاران، کۆشکی گوڵستان، کۆمەڵەی پاشایەتی پێشووی دەسەڵاتی قاجاڕەکان بووە. ئەم کۆمەڵەیە لە چەندین باخ و بینای پاشایەتی وکۆمەڵەی پیشەسازییە دەستییەکانی ئێران لە سەدەی 18 و 19 ی زائینی پێکهاتووە. بەداخەوە کە بەشێک لە بیناکانی ئەم کۆمەڵەیە لە لایەن ڕەزاخانەوە لە ساڵی 1925 تا 1945 لەناوبراون، لە بەر ئەوەی کە بە بۆچوونی ئەو بیناسازیی کۆن لە گەڵ پێشکەوتنی ئێران یەکی نەدەگرتەوە و ڕێگریی لێدەکرد./.