بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار ڕایگەیاند کە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بە قەیرانی ئابوری و دارایی ئەفغانستان، زۆربەی ئیش و کارەکان نەماوە و کاتژمێرەکانی کارکردنیش کەم بووەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ژنانی ئەفغانستان زیاترین زیانیان پێگەیشتووە و ئیش و کاری خۆیان لە دەست داوە. پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ کێشەکان زیاتر بن و بگەنە لەدەستدانی 700 هەزار هەلی کار، هەندێک ناوەندی پەیوەندیداریش باسی 900 هەزار هەلی کاریان کردووە.
هاوکات ڕامین بێهزاد ڕێکخەری باڵای ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار ڕایگەیاندووە کە هەلومەرجی ئەفغانستان بەرەو خەراپتربوون دەڕوات و پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی بەپەلە هەیە.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە بە دەسەڵات گەیشتنی گرووپی تاڵیبان بە سەدان هەزار هەلی کاری هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی نەهێشتووە و مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی تەندرووستیش لەم ماوەیەدا زیانی زۆریان پێگەیشتووە./.