بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە «پێگەی ڕاگەیاندنی هۆلیوود ڕیپۆرتێر» فێستیڤاڵی فیلمی پالم ئێسپرینگز کە بڕیار بوو لە 7 تا 17ی ژانوویە بە شێوازی ئامادەبوون بە ڕێوە بچێت، ماوەیەک پێش بە هۆی بەرز بوونەوەی ڕێژەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵوەشایەوە. بەڵا بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە بڕیاریاندە براوەکانی ئەم خولە ڕابگەیەنن و فیلمی «قارەمان» لە دەرهێنانی ئەسغەر فەرهادی لەم فێستیڤاڵە بڕواپێکراوە سینەماییەدا سێ خەڵاتی وەرگرت. خەڵاتی «فیپێرشی» باشترین ئەکتەری ڕۆڵی پیاو لە فیلمێکی نێودەوڵەتیدا بۆ کایە لە فیلمی قارەمان درایە ئەمیر جەدیدی، ئەم فیلمە هەروەها خەڵاتی باشترین سێناریۆی نێودەوڵەتی و خەڵاتی پردی نێوان سنوورەکانی بەدەست هێنا.
فیلمی «قارەمان»بۆ یەکەمجار لە حەفتا و چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی «کەن» نمایش کرا و توانی خەڵاتی گەورەی لێژنەی ناوبژیوانانی ئەم فێستیڤاڵە بە دەس بهێنێت.
ئەم فیلمە کە نوێنەری ئێران لە نەوەدوچوارەمین خولی خەڵاتەکانی ئۆسکاردایە، بە کایەی ئەمیر جەدیدی، موحسن تەنابەندە، فرشتە سەدر عیرفایی، ساررینا فەرهادی و چەن ئەکتەرێکی ناوخۆیی شیراز، وێنەیەکی پڕ جمووجووڵی شاری شیراز لە گەڵ ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتیدا پیشان دەدا. ئەسغەر فەرهادی لەم فیلمەدا حیکایەتێکی مۆراڵی لە گەڵ گێڕانەوەیەکی بەرچاودا تێکەڵ دەکات.
فێستیڤاڵی فیلمی« پاڵم ئێسپرینگز» لە ساڵی 1989وە هەموو ساڵێک لە مانگی ژانوویەدا لە شاری «پاڵم ئێسپرینگز» لە ویلایەتی کالیفۆرنیادا بەڕێوە دچێت و هەمووساڵێک 135 هەزار کەس لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبن کە حەفتا لە سەدی ئەم بەشدار بووانە لە دەرەوی ئەم ویلایەتەوە بەشدار دەبن.