بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ڕووسیا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە تاران لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵی ڕابردوو لە بەرامبەر ئەمریکا خۆڕاگریی کردووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە ئێستا ڕوبەڕوبونەوەی ڕووسیا و ئەمریکا زیاتر بووە و تاران و مۆسکۆ دەبێت بە هاوکاری زیاتر هێزی ئەمریکا لاواز بکەن.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاند: ئەو کۆبوونەوە نمایشێکی ژیۆپۆلتیکی لە کۆشکی کرملێن لە قۆناغێکی هەستیار بۆ واشنتن و نەیارانی ڕووسیا بووە.
سەردانە دوو ڕۆژەکەی ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ کە لە چوارشەممەوە دەستیپێکردووە، پتەوکردنی هاوکارییەکانی هەر دوو وڵات و پێکەوەبوونیان لە گەڵ چین لە بەرامبەر یەک دوژمنی هاوبەش واتە ئەمریکا دەکاتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات جەختیان لە سەر چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە ئابوری و سەربازییەکانی نێوانیان کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە بە ئاماژە بە ناکۆکییەکانی ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر پەرەپێدانی ناوچەی جوگرافیی ناتۆ، ڕایگەیاند کە لە نمایشە سەربازییە دەریاییەکەی داهاتووی ئێران، ڕووسیا و چین، پێدەچێت مۆسکۆ نیازی ئەوەی هەبێت پەیامی ئەوە بگەێنێت کە بەردەوام ڕووی لە پەیوەندی نوێیە.
ئێرانیش پەیامی ئەوە دەگەێنێت کە ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا واز لە سزا و گەمارۆکان نەهێنن، ئەم وڵاتە بژاردەی دیکەشی هەیە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکەوتنە 20 ساڵەی کە بەرپرسانی ئێرانی باسی دەکەن، سەبارەت بە پێدانی تەکنۆلۆژیای ڕووسیا و هاوکاری بەرگری و هاوکارییەکانی کەرتی وزەیە./.