بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەیفوڵڵا شامی وەزیری ڕاگەیاندنی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی وتی کە هێرشەکەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بۆ سەر چەند ئامانجێکی ئیمارات، هەنگاوێکی ڕەوا و یاسایی بووە و لە وەڵامی ئەو هەموو هێرش و دەسدرێژییەی حکومەتی ئیمارات لە چوارچێوەی هاوپەیمانی سعوودیەدا بووە.
ناوبراو وتی: ئیمارات لە کاتێکدا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر یەمەن کە پێشتر بە فەرمی کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند بەڵام نەک تەنیا هێزەکانی نەکشاندووەتەوە، کەچی هێرشە ئاسمانییەکان و پیلانگێڕییەکانی لە دژی یەمەن و خەڵکەکەی زیاتر کردووە.
شامی وتی: ئەم پرۆسە سەربازییە پیرۆزە لە چوارچێوەی هەنگاوی ڕەوا لە دژی ئەوانەیە کە خەڵکی یەمەن دەکەنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان و ناوچەکانی یەمەن داگیر دەکەن.
ئەو وەزیرەی یەمەن وتی: لە گرنگترین پەیامەکانی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر ئیمارات ئەوەیە کە دەبێت بزانێت تا ئەو کاتەی هێرشەکانی بەردەوام بێت، خەڵک و هێزە چەکدارەکانی یەمەنیش دەستکراوە دەبن و هاوکێشەکە گۆڕاوە و سەرجەم ناوچەکانی ئیمارات لە بەردەستی ئێمەدایە./.