بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەوانەی کە سەبارەت بە ڕاکێشیگەلە گەشتیارییەکانی کرماشان کەمێک لێکۆڵینەوەیان کردبێت، بە شێوازێک لە جۆربەجۆریی ڕاکێشیگەلەکان تووشی سەرسوڕمان دەبن کە سنورێک بۆ تایبەتمەندی و دەفرایەتییە گەشتیارییەکانی ئەم مەڵبەندە دانانێن.
جۆربەجۆریی ڕاکێشیگەلە گەشتیارییەکان لەم مەڵبەندەدا بە شێوازێکە کە بە پێی حەز و خواستی هەر مرۆڤێک شتێکی بۆ نواندن هەیە. ئەوانەی کە گەشتیاری لە ڕێگەی سرووشتییەوە وێنا دەکەن لە شاخ و چیا و ئەشکەوتە پڕ ڕەمز و ڕازەکانی پارێزگای کرماشان تا دەگاتە ڕووبارەکان و پێدەشتەکان و دارستانەکان، بیانوویەکیان بۆ مانەوە و سەردانیکردنی لە داهاتوودا دەبێت.
لە ڕوانگەی مێژووییەوە، بوونی مرۆڤەکان لەم مەڵبەندەدا بەردەوام بۆ سەدان هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، چ ئەوانەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ئەلف و بێی سەرەتایی ژیان فێر دەبوون تا ئەو کاتەی کە کشتووکاڵ و ئاژەڵداری لە کرماشانەوە پەرەی سەند و پاشان کە ڕەگ و ڕیشەی شارستانیەت لە کرماشاندا گەشەی سەند و حکومەتە خۆجێی و نیشتمانییەکانی لێکەوتەوە، بەردەوام شوێن پێی مرۆڤ لە دەشت و کوێستانەکانیدا هەبووە. ڕەنگە باشتر بێت بڵێین کە کرماشان دەبێت بە خەزێنەی مێژووی ئێرانی نیشتمان بزانین کە نەک تەنیا لە قۆناغێکی مێژوویی، بەڵکوو بەردەوام قسەی بۆ وتنەوە هەبووە.
لە ڕووی کەلتورییەوە گەورەترین میراتبەرانی ئەم مەڵبەندە خەڵکانێکن کە بە ئائین و بیر و بڕوا جیاجیاکانی خۆیانەوە وەک ئەڵقەی زنجیر پێکهاتەی گەورەی داب و نەریتەکانن. بوونی کەسایەتییەکی زۆر و ناسراو لە ئاسمانی کەلتور و مێژووی ئێران بووەتە خاڵێکی دیکەی تایبەتمەندییەکانی کرماشان و پێگەی ئەستووری کەلتوری و ڕۆشنبیریی ئەم مەڵبەندە پیشان دەدات.
پارێزگای کرماشان وەک دوایین پارێزگای ئێران لە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە، لە مێژە دەروازەی گەیشتن بە شوێنە پیرۆزەکانی عێراق بووە و میوانداریی ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکاران بووەتە هۆی ئەوەی تا ژیان و خەڵکەکەی تێکەڵاوییەکی تایبەتیان هەبێت، وەک چۆن کە پێکەوەبوونی کاتی یان هەمیشەیی هەندێک لەو زیارەتکار و گەشتیارانەی وڵاتی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی کە جۆربەجۆرییەکی کەلتوریش ببینرێت. بەم شێوازەیە کە لە ڕووی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە، خۆراک، زمان، جلوبەرگ و هەڵسووکەوتی خەڵک، ئەم مەڵبەندە کە پێشینەیەکی بەهێزی هەیە کە کەمتر دەتوانرێت نمونەکەی لە ناوچەیەکی دیکەدا ببینرێت. مامۆستای گەورە دکتۆر میر جەلالەدین کەزازی کرماشانی وەک ئێرانێکی بچووک ناوی بردووە. ئەو وتەیەی کە گوزارشت لە جۆربەجۆریی کەلتوری و ژینگەی ئەم مەڵبەندە دەکات.
بۆ کەسێک شاراوە نییە کە مەڵبەندی کرماشانییەکان لە ڕووی گەشتیارییەوە هەڵگری تایبەتمەندییەکی زۆرە کە باشترین بەڵگەش لە سەر ئەمە، تۆمارکردنی بەردەنووسی بێستون و ناوچەی هەورامان لە سەر ئاستی جیهانییە. هەروەها تۆمارکردنی کرماشان وەک شاری داهێنەری خۆراک لە تۆڕی جیهانیی شارە داهێنەرەکانی ڕێکخراوی یۆنسکۆ پێگەی کرماشانی بەهێزتر و بەرزتر کردووەتەوە. ئەڵبەت ئەمە کۆتایی قسەکەمان نییە و دەبێت باس لە شکۆی تاقوەسان، پەرستگەی ئاناهیتا، ئەشکەوتی قۆری قەڵا و شوێنە جوان و دڵڕفێنەکانی دیکەش بکەین کە هەر یەک لە دڵی خۆیاندا مێژووییەکیان لە شکۆ و جوانی و داستان حەشار داوە.
هەروەها بوونی پیشەسازی دەستیی جۆربەجۆر وەک گڵێم یان ڕاخەری هەرسین کە ناوبانگی جیهانیی هەیە، کڵاشی هەورامان کە مێژوویەکی بە درێژایی ژیانی مرۆڤەکان لەم ناوچەیە هەیە، درووستکردنی ئامێری مۆسیقای تەمورەی خەڵکی داڵاهۆ، هۆکاری ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر بۆ پارێزگای کرماشان بووە. هەروەها ڕۆنی خۆماڵی کرماشانی یان هەمان ڕۆنی کوردی، شیرینییە کرماشانییەکانی وەک نانی خورمایی، کاک و نانی برنجی، وایکردووە کە گەشتیاران بە حەز و خولیایەکی زۆرەوە ڕوو لە کرماشان و ناوچە جیاجیاکانی بکەن.
لە ساڵانی ڕابردوو هەوڵێکی زۆر بۆ پتەوکردنی ژێرخانی گەشتیاری پارێزگای کرماشان هەبووە کە جێی بایەخە بەڵام پێویست بە بەردەوامبوونی دەکات تا نەک تەنیا ئەم ناوچەیە بە مافەکانی بگات بەڵکوو ئێرانییەکان و خەڵکی وڵاتانی دیکەی جیهانیش دەرفەتی ئاشنایەتی لە گەڵ شووناسی مێژوویی، کەلتوری و سرووشتیی کرماشان بە دەست بێنن. گەشەی کەرتی گەشتیاری دەتوانێت بەشێکی زۆری کێشەی بێکاریی کرماشان چارەسەر بکات و لەم ئاسایش و سەقامگیرییەدا هاووڵاتیان گەشە و داهێنانی نوێ و پێشکەوتنی زۆر لە کرماشانە جوانەکەیان ببینن.
لە نووسینێکی حەمید ڕەزا کەرەمی، ڕێنمای گەشتیاریی پارێزگای کرماشان، کەڵک وەرگیراوە./.