بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ڕووسیا ڕۆژی یەک شەممە ڕایگەیاند کە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مۆسکۆ هەفتەی داهاتوو دەبێت.
کەناڵی ڕووسیا – وان ڕایگەیاندووە کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەفتەی داهاتوو پێشوازی لە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات و یەکێک لە تەوەرەکانی ئەو سەردانەش پرسی دانوستانەکانی ڤیەننا و چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکییە.
سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش ڕۆژی هەینی ڕابردوو سەبارەت بەو سەردانە وتی: ئەمە سەردانێکی گرنگە و دەبێت پەیوەندییەکان لە بەرزترین ئاستدا درێژەی هەبێت، بەم دواییانە کۆرۆنا کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکان هەبووە بەڵام سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات بە تەلەفوون وتووێژیان کردووە، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ گرنگە./.