بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا نەسری شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، وتی: ڕەنگە یەکێک لە ناکۆکییەکان پەیوەندی بەو سزایانەوە بێت کە بە ناوی سزا تیرۆریستییەکان بانکی ناوەندیی کردووەتە ئامانج. یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکان بەردەوام لە سەر تاقیکردنەوەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و دەستەبەرکردنە و بابەتێکی دیکە پەیوەندی بە خشتەی کاتی و چۆنیەتی هەنگاوەکانی هەر دوو لاوە هەیە.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە چەند لە چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی نزیکین، وتی: ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە هەر دوو لا لە ڕاستەڕێگەدان و دەتوانین هیوامان بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی لە هەفتەکانی داهاتوو هەبێت. ئەڵبەت بە مەرجێک کە ڕووداوێکی نەخوازراو یان دەستێوەردانێکی ئەنقەست لە لایەن دژبەرانی ڕێکەوتنی ناوەکی – چ لە ئەمریکا و چ لە ناوچەکە – ڕوو نەدات.
نەسری وتی: ئامانج لە پڕوپاگەندەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان ئێران بە بەرپرسیار ناو ببەن و لەو ڕێگەیەوە ئامادەکاری بۆ هەنگاوەکانی دواتری خۆیان بکەن. ئەوان هەوڵ دەدەن دۆسیەی ناوەکی ئاشتیخوازانەی ئێران بە مەترسی ناو ببەن و ڕای گشتی بۆ ئەم مەبەستە ئامادە بکەن.
ئەم شارەزا سیاسییە سەبارەت بە بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ کەناڵی جزیرە کە ڕایگەیاندبوو ” لەم قۆناغەدا بەدواداچوون بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی دەکەین بەڵام بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆکان لە ڕیزی کارەکانمان دەبێت “، وتی: پێدەچێت کە ئاماژەی دکتۆر ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و بە گشتی ئامانجی حکومەتی ئێران، چارەسەرکردنی هەندێک کێشە و بابەت لە چوارچێوەی دانوستانەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکەیە کە ئەگەر بە ئەنجام بگات، بە کردەوە بیانوویەک بۆ بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا نامێنێت.
ڕەزا نەسری وتی: بە کردەوە دەتوانین ئەم پلانەش بە جێبەجێکردنی هەمان پلانی ” ئاشتی هۆرمز ” ناو ببەین کە لە حکومەتەکەی حەسەن ڕۆحانی و لە لایەن ناوبراو و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئێران سەرەتا لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2019 گەڵاڵە کرا و بەردەوام پاش ئەوەش باس دەکرا. ئامادەبوونی نوێنەرانی سعوودیە و پاشان نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ڤیەننا و هەروەها سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ناوچەکە، هەمووی پیشاندەری ئەو هەوڵانەیە کە بۆ مسۆگەرکردنی ئەم ئامانجە دەبینرێت. بە بۆچوونی من ئەمە گۆڕانکارییەکی ئەرێنییە، گەیشتن بە ڕێکەوتن لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەتوانێت بنەمایەک بۆ ڕاگرتن یان دابەزینی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئەمریکا بێت و ئەم ڕووداوەش بە دڵنیاییەوە یارمەتیدەری چارەسەرکردنی بەربەست و کۆسپەکانی بەردەوام گەشەسەندنی ئێران دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر جۆری گەمارۆکان و چۆنیەتی هەڵگرتنیان، وتی: ئەگەر ئیرادەی سیاسی لە هەر دوو لا هەبێت، بەردەوام دەتوانن شێوازێکی چارەسەری بدۆزنەوە بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە تاران و واشنتن دانوستانی ڕاستەوخۆیان نییە و گەیشتن بەو چارەسەرەش لە ڕێگای لایەنی سێهەمەوە ناکرێت. بۆ نموونە، کاتێک کە ڕووسیا خۆی سزاکانی ئەمریکای لە سەرە، چۆن دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین پارێزەری نهێنییەک بێت کە دانوستانکارانی ئێرانی و ئەمریکی لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکان بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکان پێکەوە دایانڕشتووە./.