بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوردەی ساڵانەی نەوتی خاوی چین بۆ لە سەدا 5.4 لە ساڵی 2021 دابەزیوە کە یەکەم دابەزینی هاوردەی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2001 ەوە هەژمار دەکرێت. پەکین داوای لە پاڵاوگە پەیوەندیدارەکانی کردووە کە وەبەرهێنانی ناوخۆیی سووتەمەنی سنوردار بکەن.
چین وەک هێزێکی گەورەی ئابوری جیهان یەکێک لە هاوردەکارانی نەوت بووە کە نزیکەی لە سەدا 44 ی کۆی گشتی گەشەی جیهانیی هاوردەی نەوت لە ساڵی 2015 ەوە پەیوەندی بەم وڵاتەوە هەیە. نرخی نەوتی خاوی برێنت بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی.
زانیارییەکانی گومرکی چین پیشان دەدات کە هاوردەی نەوتی گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوی جیهان بۆ 512.98 ملیۆن تەن کە دەکاتە 10 ملیۆن و 260 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزیوە. ئەم ڕێژەیەش لە ساڵی 2020 بەرامبەر بە 542.39 ملیۆن تەن بووە.
هاوردەی نەوتی خاوی چین لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021 بە هۆی داواکاری پاڵاوگەکان بۆ کەڵک وەرگرتنی تەواو لە پشکی دیاریکراوی خۆیان لە کۆتایی ساڵ، گەیشتە 46.14 ملیۆن تەن واتە نزیکەی لە سەدا 20 بەرزبوونەوەی مانگانە بەراورد بە مانگەکانی دیکەی ساڵی پێشووی.
لە لایەکی دیکەوە، هاوردەی گازی سرووشتی چین کە هاوردەی گاز لە ڕێگای هێڵی بۆری و هەروەها هاوردەی گازی سرووشتیی شل لە خۆ دەگرێت، لە سەدا 19.9 بەراورد بە ساڵی پێشووی زیاتربووە و گەیشتووەتە 121.36 ملیۆن تەن./.