بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاند کە حیزبی دەعوە کۆنفرانسی هەژدەیەمی خۆیی بە درووشمی ” بە شووناسی ئیسلامی لە بەرامبەر کێشەکان دەوەستین و وڵات بونیاد دەنێینەوە ” بەڕێوە بردووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوانە، لەو کۆنفرانسەدا جارێکی دیکە متمانە دراوەتە مالیکی و وەک ئەمینداری گشتی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق هەڵبژێردراوەتەوە.
حیزبی دەعوەی ئیسلامی، ڕێکخراوێکی سیاسی ئیسلامی عێراقە کە لە ساڵی 1957 لە لایەن مورتەزا عەسکەری و هاوڕێکانیەوە و هەروەها لایەنگرانی ئایەتوڵڵا محەممەد باقر سەدر دامەزرا. ئەم حیزبە سەرەتا وەک بزوتنەوەیەکی مەزهەبیی پێشڕەو لە عێراق خۆیی پیشاندا و بانگەشەی پیرۆزییەکانی ئیسلام و ڕوبەڕوبونەوەی سکۆلاریزمی دەکرد. لە دەیەی 1970 بە زیاتربوونی پێگەی لە نێوان گەنجان و کەسایەتییە مەزهەبییەکانی عێراق و سەرکوتکردنی لە لایەن ڕژێمە بەعسەوە، دەعوە بووە ڕەوتێکی شۆڕشگێر و ڕووی هێنایە خەباتی چەکدارانە لە بەرامبەر ڕژێمی بەعس.
دەعوە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003 بووە یەکێک لە گرنگترین حیزبە سیاسییەکانی عێراق، بە شێوازێک کە ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی، سێ سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لەم حیزبە بوون./.