بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە یاوەری شاندێکی باڵا لە پەکینە، لە گەڵ وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین کۆبووە.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا چەندین پرسی سیاسی، ئابوری، بازرگانی، کۆنسووڵی، ڕۆشنبیری، ناوچەیی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد و سەبارەت بە ڕێگەکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لەو بوارانەدا بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
عەبدوڵڵاهیان وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی چینی و سڵاوی گەرمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیامی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسیی بۆ هاوتاکەی ڕادەست کرد.
ناوبراو پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ سیاسەتی چینی یەکگرتوو دووپات کردەوە و ئامادەیی تارانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا ڕاگەیاند.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی دۆستی بە بەشێکی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوەی کابینەی سێزدەیەم ناو برد و جەختی لە سەر ڕۆڵی کارا و کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە تایبەت پاراستن و پتەوکردنی ئاسایشی گواستنەوەی وزە کردەوە.
هەروەها وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لەو کۆبوونەوەدا، ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکان سەرەڕای گەمارۆ زاڵمانەکانی دژ بە گەلی ئێران ڕاگەیاند.
ناوبراو ڕایگەیاند کە پەکین پاڵپشتی لە هەڵوێستی ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننا و چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی دەکات و جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا دەبێت قەرەبووی هەڵەی کشانەوە لەو ڕێکەوتنە بکاتەوە./.