بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە لە دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە، پەیوەندییەکی نزیک و بەهێز و پتەوکردنی هاوکارییەکانە لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامیی دراوسێ، واتە ئەو وڵاتانەی کە نەیاری ئێران نین، لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری جەخت لەوە کراوەتەوە کە پەرە بە هاوکارییەکان بدرێت. کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتی دەرەوەی خۆیی لە سەر ئەم بنەمایە داڕشتووە و یەکەمایەتی سیاستی دەرەوەی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییە بچووکەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ داناوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئێران لە گەڵ هیچ یەک لە وڵاتانی دراوسێ کێشەی خاکی نییە، وتی: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ زیاتر لە سەر ئابورییە و بەم هۆیەشەوە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە، لە زووترین کاتدا وەڵامی سەردانەکانی ئەوانی داوەتەوە.
ئەم شارەزای کاروباری ناوچەکە، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ عۆمان و قەتەر وەبیرهێنایەوە و وتی: پەیامی سەردانەکان ئەوەیە کە سیاسەتی ڕاگەێندراوی کابینەی سێزدەیەمی ئێران لە لایەن وەزیری دەرەوەوە جێبەجێ دەکرێت و حکومەت لە سەر ئەو نەخشەڕێگایە هەنگاو دەنێت.
سەدرحوسێنی وتی: بە دڵنیاییەوە کە هەرچەندە وتووێژ و ڕاوێژی دیپلۆماسی لە نێوان وڵاتان زیاتر بێت، ئەم بابەتەش دەتوانێت کاریگەریی لە سەر بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە بوارەکانی دیکەشدا هەبێت. میدیاکانی سەر بە ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی هەوڵ دەدەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی بە پەراوێزخراو پیشان بدەن و وا بڵێن کە کۆماری ئیسلامی ئێران هۆی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکەیە، ئەم سەردانانە دەتوانێت پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەی دوژمنان بسەلمێنێت و ڕاستییەکانی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە ڕوونتر بکاتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە توانا ئابورییەکانی ئێران بە تایبەت لە ڕووی هەناردەی کاڵا و پێداویستییەکانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ گرنگە، وتی: پتەوکردنی هاوکارییە ئابوری، بازرگانی، بانکی و بەندەرییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەتوانێت بگاتە پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان.
ئەم شارەزای کاروبارەی کەنداوی فارس وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی کاریگەر لە گۆڕانکارییەکانی کەنداوی فارسە و پتەوکردنی دیپلۆماسیەتی وڵات لەم بوارەدا دەتوانێت یارمەتیدەری چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئەم ناوچە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بێت.
سەدرحوسێنی جەختیکردەوە کە تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران دابینکردنی ناوچەیەکی ئەمن و پارێزراوە بۆ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و وتی: پتەوکردنی بوونی ئێران لە ناوچەکە دەتوانێت ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە و ڕێنماییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک برا گەورە و خەمخۆر بۆ ناوچەکە بە گشتی دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەری لە پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە هەبێت.
وتیشی: لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵیداوە بە پێکەوەبوونێکی ئاشتیانە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، پێداگری لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەوان بکاتەوە و ئەم سیاسەتە سەرەکییە تووشی هیچ گۆڕانکارییەک نەبووە.
ئەم شارەزای کاروباری ناوچەکە لە درێژەدا وتی: تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هاوسەنگی و بە پێی دادپەروەرییە و بە دڵنیاییەوە کە ئێران بەم تێڕوانینە دەتوانێت لە بواری کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان زۆر کاریگەر بێت، ئەمەش بنەمایەکی قبووڵکراوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی کە کێشە و ناکۆکییەکانی هەر ناوچەیەک لە لایەن وڵاتانی ئەو ناوچەوە دەبێت چارەسەر بکرێت.
سەید ڕەزا سەدرحوسێنی وتی: ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە بتوانن کێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی ناوچەکە بدەن، ڕۆڵی وڵاتانی بێگانە کەمتر دەبێت، ئەگەر ئەو پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەی کەنداوی فارس ببینرێت، ڕژێمی زایۆنیستی وەک هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە، بوونی کەمتر دەبێت و وڵاتانی ناوچەکە لە ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەو ڕژێمە زیاتر تێدەگەن./.