هێمن فاتحی نوێنەری زانکۆی پەیامی نوور لە هەرێمی کوردستان – عێراق رایگەیاند: زانکۆی ناودەوڵەتی “پەیامی نوور”ی ئێران لقەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و لە چوارچێوەی یاساکانی هەر دوو لایەندا زۆربەی کارەکان لە جێبەجێ کردن کراون.
ێمن فاتحی لەبارەی کردنەوەی لقەکانی زانکۆکە بە “جام کوردی” راگەیاند: کردنەوەی ئەم زانکۆیە لە چواچێوەی گەشەپێدانی چالاکییە ناودەوڵەتییەکانی زانکۆی “پەیامی نوور” دایە، کە تیایدا مەبەست بەکرداریکردنی سیاسەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئێرانە؛ لە لایەکیتریش دروستکردنی پێوەندی و هاوکاری لە نێوان زانکۆکانی ئێران لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستانە. زانکۆی پەیامی نووریش لەو زانکۆیانەی ئێرانە کە ئامادەیی ئەوەی هەیە لە هەولێر و سلێمانی لقەکانی خۆی بکاتەوە و منیش وەک وەک نوێنەری ئەم زانکۆیە کارەکانی جێبەجێ دەکەم.
نوێنەری زانکۆ سەبارەت بە دیدارەکانیان بۆ کردنەوەی زانکۆکە وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیارەکانی خۆی لە رێگەی کۆنسولخانەوە ئاراستەی لایەنە پێوەندیدارەکان و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم کردووە. د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش لەدانشتنێکی دوو لایەندا خۆشحاڵی خۆی لەوبارەوە دەربڕیوە. هەروەها وەفدێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی تاران و ئیسفەهانیان کردووە و چاویان بە لایەنە پێوەندیدارەکان لە بنکەی سەرەکی زانکۆکە لە تاران کەوتووە و دواتر سەردانی قائمقامی وەزیری خوێندنی باڵای ئێران کردووە و لەبارەی هاوکارییەکان قسەیان کردووە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەگەڵ زانکۆی “پۆلی تەکنیک” و زانکۆی سلێمانی پەیماننامەیەکمان مۆر کردووە. بڕیار وایە وەزیری خوێندنی باڵای ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتنی زانستی زیاتر.
هەروەها سەبارەت بەوەی کە زانکۆ کەی دەست بەکار دەبێت وتی: چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی رێبەندان زانکۆ دەست بە وتنەوەی وانە بۆ ئەو خوێندکارانە بکات و ئێستاش هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین. پەیامی نوور لە هەر سێ قۆناغی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکترا خوێندکار وەردەگرێت و لە وڵاتی ئێرانەوە مامۆستای پسپۆر بۆ وتنەوەی وانەکان دێن. وانەکان بە زمانی ئینگلیزی، فارسی و کوردی دەبێت. زانکۆکە توانای ئەوەی هەیە هەموو بەشێک لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە جگە لە پزیشکی. شەهادەی خوێندکارەکانیش لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەدرێت کە شەهادەیەکی باوەڕپێکراوی ناودەوڵەتییە.
هێمن فاتحی هەروەها لەبارەی ئەوەی ئایا کردنەوەی ئەم زانکۆیە گونجاوە لە هەرێمی کوردستان وتی: من کوردم، ئێران و هەرێمی کوردستان جیرانی یەکن، لەراستیدا کورد و فارس لە خێزانە زمانی ئارین و هاوبەشی زمان و فەرهەنگ و مێژوویان بەیەکەوە هەیە. تەنانەت پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری سنە لەوچوارچێوەیەدا بەیەکەوە دانیشتنیان هەبووە و دڵخۆشی خۆیان لەوبارەوە راگەیاندووە.
زانکۆی “پەیامی نوور”، زانکۆیەکی دەوڵەتییە کە بەشی ناودەوڵەتی هەیە و سەر بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جمهوری ئیسلامی ئێرانە، ئەم زانکۆیە (٥٤١)ی لقی لە سەرجەم شارەکانی ئێراندا هەیە و پلەی هەشتەمی هەیە لەناو زانکۆ باشەکانی ئێراندا. ئەم زانکۆیە لە دەرەوەی وڵاتیش وەک نمونە ئیتالیا، سوید، عەرەبستان سعودی، مالیزیا، دوبەی، ئەفغانسان و ئازەربایجان و وڵاتیتریش لقی هەیە، و خوێندکاریش لەسەرجەم وڵاتان وەردەگرێت.