دکتۆر موسەننا ئەمین ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە وتووێژی تایبەت بە جام کوردی، سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە کورد ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە کێشە ناوخۆییەکانی عێراقدا ناگێڕێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی کە ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە گرنگمان نەزانیوە لە شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی بۆ وتووێژەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەشداری بکەین.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
بەشداریی کورد لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق چۆن دەبینن؟
پێگەی کورد لە ئێستادا تا ڕادەیەک باشە بەڵام وەک پێویست نییە، کورد خۆی سڕ کردووە لەوەی کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە کێشە ناوخۆییەکانی عێراقدا ببینێت، ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دابەشبوونێک لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی شێعەدا درووست بووە و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر نەبووە، بەر هەر لایەکیشدا بکەوێت لایەنی باش و خەراپی دەبێت، بۆ ئەمەشە کە ڕۆڵی کورد سنوردارە و ناتوانێت لەو یەکلاکردنەوەدا بەشدار بێت و ڕەنگە بارودۆخی عێراقیش ئەوە نەخوازێت کە ئەم وڵاتەی تێدا تێپەڕ دەبێت و کورد نەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت. لانیکەم لای ئەو کەسانەی کە ئێستا ئیدارەی سیاسەت و بەڕێوەبردنی کوردستان دەکەن پێیان وایە کە ناتوانن ئەو ڕۆڵە یەکلاکەرەوە ببینن و مەرجیش نییە ئەو تێڕوانینە ڕاست بێت. بەڵام چاوەڕوانی ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراقن و پەیوەست دەبن بەو ڕێکەوتنەی کە دەکرێت و تا ئێستاش هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە و دەتوانین بڵێین کە پێگەی کورد لە سیاسەتی گشتی عێراق سنوردارە.
پارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی سیاسیی سەرەکی کوردستان شاندێکی هاوبەشیان ناردە بەغدا. کە باس لە یەک بەرەیی کورد لە ناوەند دەکرێت بۆ دەبێت تەنیا ئەو دوو حیزبە بن و ڕۆڵی ئەو لایەنەکانی دیکەی کوردستان دیار نەبێت؟
شاندە هاوبەشەکە تەنیا پەیوەندی بە پارتی و یەکێتییەوە هەیە و ئێمە خۆمان نەمانویستووە بەشداریی تێدا بکەین لەو دانوستان و شاندەدا، بە گرنگمان نەزانیوە کە بەشداریی تێدا بکەین.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر باسی پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی کردووە کە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی شێعە، کورد و سوننە دەکات. بە بۆچوونی ئێوە ئایا ئەم کابینەی نوێ دەتوانێت هەنگاوی جیاوازتر لە کابینەکانی پێشوو هەڵبگرێت؟
ئەگەر شێوازی پێکهێنانی ئەم کابینەیە جیاواز بێت ڕەنگە بتوانێت ڕۆڵێکی جیاوازی هەبێت بەڵام ئەگەر پرسەۆی پێکهێنانەکەی وەک خولەکانی ڕابردوو بێت بو دووری دەزانم هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی نوێی لێ سەوز ببێت. سەدریش هەر لەو سۆنگەیەوە دەڵێت کە ئەگەر هەمان حکومەتی پێشوو پێک بێنین ئەوا هەمان دەرەنجامی دەبێت و بە پێچەوانەی ئەمەش دەبێت هەندێک لە دەسەڵات و هەندێکی دیکە وەک ئۆپۆزسیۆن بن. ئەمە بیرکردنەوەیەکی ڕاستە و لە جیهاندا و لە وڵاتانی خاوەن دیمۆکراسیدا حکومەت وەها بەڕێوە دەبرێت بەڵام دۆخی هەستیاری عێراق ڕەنگە بەرگەی ئەم بۆچوونە نەگرێت یان هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەم بۆچوونە سەر ناگرێت و هەوڵی ڕێکەوتن دەدەن.
بۆ کورد هەموو کات لە دەرەوەی ڕێکەوتنە سەرەتاییەکانە و بەردەوام چاوەڕێی ڕێکەوتنی ناوخۆیی لایەنەکانی دیکەی عێراق دەکات و پاش ئەوەیە کە بەشداریی ڕێکەوتنەکان دەکات. ئایا کورد ناتوانێت هەر لە سەرەتاوە لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەشداری لە ڕێکەوتنی لایەنەکانی دیکەی عێراقدا بکات؟
لە بەر ئەوەی کە متمانەکردن بە سەقامگیری لە عێراقدا لاوازە و لە سەر تاڵە مویەک بەندە و ڕەنگە هەر جۆرە تێکدانێکی ڕێکەوتن ببێتە هۆی داڕمانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئاسایشی ئەم وڵاتە. کورد پێی باشە چاوەڕێ بکات کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق سەرەتا لە ناو خۆیاندا بگەنە ڕێکەوتن لە سەر پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای مانەوە و بەردەوامبوونی هەبێت، زیاتر پارتی و یەکێتی پاڵپشتی لەم بۆچوونە دەکەن، لە بەر ئەوەی کە زیاتر پەیوەستن بە بەشداریکردن لە حکومەت، ئەوان پێیان وایە کە ئەگەر حکومەتیش لە دەرەوەی ڕێکەوتن درووست ببێت ڕەنگە بە هەڵمەتێک و چەند خۆپێشاندانێک بڕووخێت، وەک ئەوەی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی بینرا، هەر بۆیە پێویستە حکومەتێک پێک بێت کە هەمووی یان لانیکەم زۆربەی لایەنەکانی تێدا بەشدار بێت، ڕەنگە ئەو کاتە ئەو حکومەتە ماوەی مانەوەی زیاتر بێت.
ئایا دەتوانین ئەم بیرکردنەوەی هێزە کوردییەکان بە درووست بزانین؟
من پێم وا نییە کە بیرکردنەوەیەکی درووست بێت و وەک وتم ئەمە بیرکردنەوەی دوو حیزبی پارتی و یەکێتییە. ئەگەر بە تەواوی لە گەڵ ئەم بۆچوونەدا بین مانای ئەوەیە کە عێراقێکی خێر و چاکە درووست نابێت و هەموو هێزەکان لێی ڕازی نابن و دەرەنجام دەبێتە حکومەتێکی بەرژەوەندیخواز، واتە تۆ گەندەڵی بکە و منیش بێدەنگ دەبم، ئەگەر منیش گەندەڵ بم تۆ بێدەنگی هەڵبژێرە و عێراق هەر بەو شێوەیە بەڕێوە دەبرێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد