لەچوارچێوەی سیاسەتی پەرەپێدانی کردنەوەی خوێندگاکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات وەزارەتی پەروەردەی ئێران قوتابخانەیەکی ناودەوڵەتی لە هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە.
هێمن فاتحی کە وەک نوێنەر بۆ کردنەوەی ئەم قوتابخانە راسپێردراوە بە “جام کوردی” راگەیاند: لە رێگەی پێوەندییەکانی کۆنسۆلگەری لە هەرێمی کوردستان – ئێراق بە شێوەی یاسایی سەبارەت بەکردنەوەی خوێندنگاکە نووسراوەیەک ئاراستەی د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەدە کراوە و لە هەوڵی کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە داین لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی.
ناوبراو دەلێت: ناوی ئەم قوتابخانەیە “بەهاری زاگرۆس” دەبێت، کە گوزارشتە لە شارستانیەتی مێژوویی قەومی (ئاری)یەکان، هەمان زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس کە بەهاری بێوێنەیان هەیە و شارستانیەت لەو زنجیرە چیایانەوە پەرەی سەندووە، بەم پێیە ناوی قوتابخانەکە شیاوە.
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەم قوتانخانەیە وتی: خوێندن لەم قوتابخانەیە بە زمانی ئینگلیزی بە پێی مەنهەجی کەمبریج و سیستمی (TIS) تاران دەبێت و لە پەنا ئەوەش زمانەکانی فارسی و کوردیش بە خوێندکاران دەوترێنەوە.