بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان هەواڵی ڕێکەوتنی لە گەڵ سەرۆک کۆمار بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند.
نەجیب میقاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 5 ی کانوونی دووەمی 2022 پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ میشل عون سەرۆک کۆماری لوبنان ڕایگەیاند کە لە سەر دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە نائاساییەکانی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکەوتن کراوە.
میقاتی وتی کە بە سەرۆک کۆمارم ڕاگەیاندووە بودجەی 2022 ی لوبنان ئامادەیە و تا دوو ڕۆژی داهاتوو ڕادەست دەکرێت و پاش ئەوەش کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەست پێدەکاتەوە.
ناوبراو وتی کە سەرجەم مووچە دواکەوتووەکانی فەرمانبەرانی لوبنان بەوان دەدرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان لە پاش دەستبەکاربوونی نەجیب میقاتی تەنیا یەک جار کۆبووەتەوە، ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان و نیگەرانیی سەرۆک وەزیران لە ئەگەری تەواونەبوونی نیسابی یاسایی وایکردووە کە فەرمانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان نەدات./.