بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە ئاژانسی فەرمی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند کە دانوستان لە گەڵ ئێران بەردەوامە بەڵام قەرزەکانی دەوێت، وەزارەتی کارەباش ئامادەیی خۆیی دەربڕیوە و لە زووترین کاتدا دەخرێتە سەر حسێبی بانکی بازرگانیی عێراق.
ناوبراو وتی: وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت ئەم قەرزەی ئێران بداتەوە لە بەر ئەوەی کە کەمبوونی ڕێژەی گازی هاوردەکراوی ئێران کاریگەریی لە سەر وەبەرهێنانی کارەبا داناوە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وتی کە گەورەترین کێشە ئەوەیە کە هاوردەی گازی ئێران لە 50 ملیۆن مەتری سێجاوە بۆ کەمتر لە 9 ملیۆن مەتری سێجا دابەزیوە.
ئەحمەد موسا سەبارەت بە پێکەوەبەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و وڵاتانی دراوسێش وتی کە دانوستانەکان لەم بوارەدا بە تایبەت لە ڕووی دیاریکردنی نرخەوە بەردەوامە بە ڵام نەگەیشتووەتە هیچ ڕێکەوتنێک.
ناوبراو وتی کە وەزارەتی کارەبای عێراق لە گەڵ ئەردەن هاوکاری دەکات و گرێبەستی پێکەوەبەستنەوەی تۆڕی کارەبای هەیە، لە گەڵ تورکیاش دانوستانەکان بەردەوامە و لە گەڵ سعوودیە بە هەمان شێوە دانوستان دەکات، وێڕای ئەوەی کە کۆمپانیای جنڕاڵ ئەلکتریک چالاکییەکانی لە عێراق دەستپێکردووە./.