بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئێرنا وتی: هەوڵی شەهید سولێمانی ئەوە بوو کە بە هاوکاریی هێزە خۆجییەکان و هێزە چەکدارەکان، تیرۆریزم لە ناوچەکە لە ناو ببات و ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی تیرۆریستانیشی ئازاد کرد.
ناوبراو وتی: شەهید حاجی قاسم سولێمانی لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە توانایەکی زۆر بە گەلانی ناوچەکە و بەرەی خۆڕاگریی ئیسلامی لە ناوچەکانی وەک یەمەن، سوریا، عێراق و شوێنەکانی دیکە ببەخشێت، بە شێوازێک کە لە بەرامبەر دوژمنان بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و ڕێگری لە سەرخستنی پیلانی دوژمنان بکەن.
مەسجدی وتی: شەهید سولێمانی ئەوەیان پیشاندا کە ڕێگای سەرکەوتن، هەمان ڕێگای خۆڕاگری، تێکۆشان، بەهێزبوون و پشت بەستن بە خودای گەورەیە. شەهید سولێمانی وایکرد کە خەڵکێکی زۆر ببنە ئەندامی ئەم ڕێگایە و بە هۆی ئەم هێزانەشەوە بوو کە ئاسایشی ناوچەکە بە بەردەوامی ڕووی لە باشتربوون کرد.
باڵیۆزی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە تاوانی ئەمریکییەکان لە شەهیدکردنی حاجی قاسم سولێمانی لە مێژوودا تۆمار کراوە، وتی: لە پاش ئەم تاوانە ئەمریکا لە ڕوانگە خەڵکەوە وەک حکومەتێکی تیرۆریستی دەناسرێت و پرسیار دەکەن کە کەسێک ئەو هەموو خزمەتەی بە لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان کردووە بۆ دەبێت لە لایەن کاربەدەستانی ئەمریکاوە شەهید بکرێت.
ئیرەج مەسجدی وتی: شەهیدبوونی حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس وایکردووە کە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان گەلانی ئێران و عێراق هەبێت./.