بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بۆنەی دووەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهید قاسم سولێمانی و هاوڕێکانیان لە درێژەدا هاتووە:
” وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دووەم ساڵۆگەڕی شەهیدبوونی فەرماندەی لێهاتووی ئیسلام، حاجی قاسم سولێمانی، یاد و بیرەوەرییەکانی ئەم شەهیدە نەمرە کە تەمەنی بەبەرەکەتی خۆیی لە پێناو خزمەتی ڕاستگۆیانە بە ئێران و ئیسلام و ئاشتی و ئاسایش بەکارهێنا، بەرز ڕادەگرێت.
فەرماندەی شەهید سولێمانی، بەردەوام لە پێناو سیاسەتە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هاوکاریکردن بۆ جێگیربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی دەگێڕا و هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆری لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و گرووپە تیرۆریستییە بەرەو گەشەسەندووەکان لە ناوچەکە ئەنجام دا.
بەم هۆیەوە بە درووستی و بە شانازییەوە نازناوی قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و فەرماندەی ئاشتی بەوان دراوە.
سەرەڕای ئەم ڕۆڵ و پێگەیە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جێبەجێکردنی سیاسەتی دژ بە یەک و بە پڕوپاگەندە و بانگەشەی درۆ، بە تایبەت بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە هەنگاوێکی تاوانبارانەدا کە پێشێلکردنی یاسا و بنەماکانی ساسەتی نێودەوڵەتییە، دەستی دایە داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانێکی تیرۆریستی لە دژی فەرماندە شەهید سولێمانی وەک یەکێک لە باڵاترین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەویش لە خاکی وڵاتی عێراق کە میوانی فەرمیی ئەم وڵاتە بوو.
ئەم کردەوەی بەرپرسانی ئەو کاتەی ئەمریکا لە تیرۆری ئاشکرای قارەمانی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، پەیامێکی ڕوونە لە پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان کە بە ئاشکرا درۆبوونی بانگەشەی ئەوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بۆ ڕای گشتی جیهان خستەڕوو.
شەهیدبوونی فەرماندە سولێمانی، ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێ گەورەکانی ئەوان، نەک تەنیا لە هێز و کاریگەریی بەرەی خۆڕاگری کەم نەکردەوە، بەڵکوو لە لایەکەوە کەشی ناوخۆیی ئێران گەیاندە لوتکەی یەکڕیزی و یەکگرتوویی و لە لایەکی دیکەشەوە ستراتیژ و ئایدۆلۆژیای خۆڕاگریی بەهێزتر و گەورەتر کرد.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەم تیرۆرە، هەنگاوە بەپەلە و کاریگەرەکەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدانی زلەیەکی بەهێز لە سەربازە ئەمریکییەکانی جێگیرکراو لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد ی عێراق و ئاسەواری مەعنەویی خوێنی شەهیدانی ئێرانی و عێراقی، ئەم ڕووداوە هاوکێشەکانی بەرەو گۆڕانکاری برد و بووە دەسپێکی شکستی ستراتیژی ناوچەیی ئەمریکا کە هەڵهاتنی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان، دەستپێکردنی پرۆسەی کشانەوە لە عێراق و گۆڕینی ستراتیژی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی ژئۆستراتیژیی کەنداوی فارس تەنیا بەشێک لە ئاسەوار و لێکەوتەکانی هەژمار دەکرێت.
بێگومان ئەم تاوانەی ئەمریکا لە شەهیدکردنی فەرماندە سولێمانی وەک ” هێرشی تیرۆریستی ” یە، کە بە جۆرێک هەنگاوێکی ڕێکخراوەیی و جێبەجێکردنی لە لایەن حکومەتی ئەو کاتەی واشنتنەوە بووە و لە ئێستاشدا بەرپرسیاریەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی کۆشکی سپی.
بە پێی بنەما یاسایی و نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم تاوانە ” بەرپرسیاریەتی تەواوی نێودەوڵەتیی ” هەیە، لەم چوارچێوەدا، تەواوی ئەوانەی فەرمانیان دەرکردووە یان داڕێژەر و جێبەجێکاری پیلانەکە بوون لە بەرامبەر ئەم تاوانە تیرۆریستییەدا بەرپرسیاریەتییان دەکەوێتە ئەستۆ و بەم پێیەش وەزارەتی دەرەوە بە هاوکاری دامودەزگاکانی دیکە و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمان سەرەتا و بە پێی بنەمای یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تاوانباران، کۆمەڵە هەنگاوێکی بۆ وەڵامدانەوەی ئەوان لە بەرامبەر دادپەروەریدا دەستپێکردووە و تا گەیشتن بە ئەنجام درێژەی دەبێت.
ئەم هەنگاوانەش لە بوارەکانی سیاسی، یاسایی، نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی بووە. هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش لە بواری دەرەوە و نێودەوڵەتی هەوڵێکی زۆر بە ئامانجی ڕێگری لە بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان لە لایەن ئەمریکاوە دراوە کە ئیدانەکردنی ئەخلاقی، سیاسی و یاسایی حکومەتی ئەمریکا بە هۆی جێبەجێکردنی ئەم تاوانە لە ئاستی نێودەوڵەتی لە ڕیزی ئەنجامەکاندا بووە.
لە بەدواداچوونی ئەم دۆسیەش پێویستە ئاماژە بە چالاکیی لێژنەی هاوبەشی دادوەریی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق بدرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە پێناو جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە کۆمەڵە هەنگاوێکی چالاک و کاریگەری هەبووە. ئێستاش بە پێی تێڕوانینی کابینەی سێزدەیەم کە دەستی دراوسێکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوکاری بەربڵاو و بەردەوام دەگوشێت، بەستێنی گەشە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە زیاتر لە ڕابردوو دابین کراوە.
حکومەت و گەلی ئێران خۆیان لە گەڵ حکومەتەکان و گەلانی ناوچەکە دەبینن و لە هەر هاوکارییەک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی، جێگیرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوام و گەشە و ئاوەدانیی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلام درێغییان نەکردووە و نایکەن.
لە کۆتاییدا لە گەڵ تەواوی ئێرانییەکان لە نیشتمانی سەرەکی و دایک و ناوچەکانی دیکەی جیهان، سەری ڕێز لە بەرامبەر ڕۆحی پاک و بەرزی فەرماندەی ئاشتی و ئاسایش، حاجی قاسم سولێمانی دادەنەوێنین “./