بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە ڕادەیەک لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم سەرکەوتوو بووە و تا لەناوبردنی تەواوی تیرۆریستان، درێژە بەم ڕێگایە دەدات.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی الاخباریە وتی: گرووپی تیرۆریستی بەرەی نوسرە بەردەوام بە پاڵپشتی تورکیا لە باکوری ڕۆژئاوا و گرووپی تیرۆریستی داعش بە پاڵپشتی ئەمریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکی دەکەن.
وەزیری دەرەوەی سوریا وتی: بەرژەوەندی حکومەتی تورکیا لە لەناوچوون و ئاڵۆزبوونی ڕەوشی سوریایە.
مێقداد وتی: ڕژێمی تورکیا چەند بەشێکی خاکی سوریای داگیر کردووە بەڵام ئازادی دەکەین، چ ئیدلب یان ناوچەکانی باکور یان سنورەکانی سوریا و تورکیا بێت.
ناوبراو سەبارەت بە گرووپە چەکدارە کوردییەکانیش وتی: هێزەکانی سوریای دیمۆکرات هیچ ناوچەیەکیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نییە بەڵکوو ئەمریکای داگیرکار لەوان پاڵپشتی دەکات بەڵام نابێت پشت بە ئەمریکا ببەستن لە بەر ئەوەی کە ئەزموونی ڕابردووی ئەمریکا بۆ ئەوانیش دووبارە دەبێتەوە.
وتیشی کە هیچ پیلانگێڕییەک بۆ جیابوونەوەی بەشێک لە خاکی سوریا ناتوانێت جێبەجێ بکرێت./.