بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ هەینی، 24 ی کانوونی یەکەمی 2021، کۆتا قۆناغی نمایشی سەربازیی هاوبەشی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە ناوی ” پێغەمبەری گەورەی 17 ” لە باشوری ئێران بە هەڵدانی هاوکات 16 مووشەکی بالستی بۆ سەر ئامانجێکی لەپێش دیاریکراو و بە ئامادەبوونی فەرماندە باڵا سەربازییەکان بە تایبەت فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بەڕێوەچوو.
فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەراوێزی ئەو نمایشە سەربازییە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: ئەم نمایشە سەربازییە لە پێشدا پلانی بۆ داڕێژرابوو بەڵام هەڕەشە بێ بنەماکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕۆژانی ڕابردوودا وایکرد کە لەم کاتەدا نمایشە سەربازییەکە بەڕێوە ببرێت و لە ڕیزی سەرکەتووترین نمایشە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا بووە.
باقری وتی: وەک چۆن کە وێنەکان بۆ جیهانیان ڕوون کردووەتەوە، جۆری جیاوازی مووشەکەکان لە شوێنە جیاجیاکانەوە بەرەو یەک ئامانج ئاراستە کران و ئەو ئامانجەیان لە یەک کاتدا پێکا و ئەمەش بەشێکە لە توانا مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەتوانێت لە زووترین کاتدا وەڵامی هەر هەڕەشەیەک بداتەوە.
هەروەها فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش وتی کە ئەم نمایشە سەربازییە بە تایبەت کۆتا قۆناغەکەی، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای هەبوو و ئەویش هۆشدارییەکی جیدی، ڕاستەقینە و مەیدانی بۆ هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بووە و تەنیا ئەوەی ماوەی کە ئاراستەی مووشەکەکانمان بگۆڕین./.